چۆن مامەڵە لەگەڵ یاساشکێنیی دەسترۆیشتوانی کوردستاندا بکەین ؟

عیماد عەلی

ھەمووان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانیشیەوە کۆکن لەسەر ئەوەی لە روداوەکانی ئەم دواییە و لەھەمان کاتدا مانەوەی بەرزانی لە پۆستەکەی یاساشکێنی کراوە و ، تەنانەت نیچیرڤان بارزانی لە تارانەوە دانی بەو حەقیقەتە نا و، رایگەیاند ھیچ پاڵپشتیەکی یاسایی بۆ مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەیدا نیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ھەڵوێستی خۆیان بەردەوامن و مێشیش میوانیان نیە .

ئەمەیە عەقڵیەتی بەرێوەبردنی کاروباری ھەرێم و، ئەمەش ئاستی بیرکردنەوە و رۆشنبیری دەسەلاتی ھەرێمە و، ئەمەش واقعەکەیە، دەبێت بە جوانی و قوڵی بیبینیت و، بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستا و دوارۆژی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت . چۆن ؟ ئەگەر بتەوێت دوور لە خواست و ستراتیجیەتی کۆی گشتی گوشاوەی بیر و فکر و عەقڵیەتی سەرکردایەتی کوردستان مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەیت و، بە پێی ھەڵوێستی خەڵک و ئامانجی سەرەکی گەلی کوردستان و قوربانیدانەکانی بجوڵێیتەوە، دەبێت یەکێک لەو چەند رێگە سەخت و تەسک وئازاربەخشانەی کە لەبەردەمدایە بگرینەبەر :

١- کە لە خواست و بۆچونی گەلی کوردستان بەدەرە، ئەویش دروستکردنی دوو ھەرێم یان کانتۆن یان دابەشبونی ھەرێمی کوردستان بە سەر ھەردوو روبەری دەسەڵاتەکەی شەری نێوخۆ بە ھەر شێوە و میکانیزمێک بێت . ئەمەش زۆرێک لەوانەی بێئومێد بوون لە کردەوە و بۆچون و عەقڵیەتی سەرکردایەتی لایەنەکان و سەرانی کوردستان بەگشتی و، خۆیان لەئامانجە سەرەکیەکە دەبورن، بە چارەسەرێکی ریشەیی لەقەڵەم دەدەن، سەرەرای ئەوەی ئەم رێگەیە کۆی گشتی پرسی کورد دەخاتە ژێر پرسیارەوە . ئەمەش سەلبیاتێکی یەکجار گەورەی بۆ ئەزمون و مێژوو و دوارۆژی گەلی کوردستان دەبێت . بەم دابرانە دەکرێت لە ململانێ توندەکانی نێوان لایەنە نەیارەکان کەم بکرێتەوە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئارامی ببەخشێت، بەڵام لە بەرامبەردا، دەبێت دەردانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانی ئەم رەفتارە بە وردی بخوێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لایەنە سلبیەکانی لەگەڵ چارەسەریەکانی تردا بەراورد بکرێت .

٢- بۆ کاتێکی دیاریکراو و بە ھێمنی و ھەستی بەرزی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ عەقڵیەتی دەسترۆیشتوی دەسەڵاتی کوردستان و بریارەکانی پارتی دیموکراسی کوردستان بکەیت و، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کوردستان چاوپۆشی لە مافی گشتی گەلی کوردستان بکەیت و، دەست بۆ ھیچ دابران و یەکتربرێک نەبەیت و، پارتی و دسەڵاتی بەزۆر سەپێنراوی ھەرێم سەرپشک بکەیت بۆ ئەوەی ماوەیەک، سەرەرای ئەوەی لە دەسەڵاتی تاکرەوی خۆی بەردەوام بێت، بەڵام لاتەریک بکرێت و لە لایەن ھیچ حزب و کەسایەتیەکەوە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵدا نەکرێت بە تەنھا بمێنێتەوە و ئەوەی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵدا بەردەوام بێت رێ و شوێنی لەگەڵدا بگیرێتە بەر و سەرزەنشت بکرێت، بۆ ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و ھەست بە ھەڵەکانی بکات و ، واتە بەتەنھا بیدەیتە دەست زەمانە و قەدەر . کە ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا بیرکردنەوەیەکی یەکجار نا زانستیانەیە، بەڵام تەسلیم بون بە واقع و پەنا بردن بۆ رێگە چارەیەکی نازانستی لە زەرەری گەورەتت بپارێزێت، بە زانستی دەبینرێت و عەقڵی تێدەچێت .

٣- ھەوڵدان بۆ دووبارە گەرانەوە بۆ فیدراڵی پارێزگاکان لە چوارچێوەی عیراق و خۆبەستنەوە بە ناوەندێتی عیراق لە سایەی دەستورە فشەڵە فیدراڵیەکەیدا، ئەمەش زیاتر بێ ئومێدی لە دڵ و دەروونی خەڵک دەچێنێت، بەڵام لە زۆر رووەوە دوا چارەسەرە، ئەگەر دەسەلاتی ناوەند تێگەیشتنی عاقڵانە و پێشکەوتنخوازانەیان بۆ ئەم بژاردەیە ھەبێت، کە من لەو قەناعەتە نیم بە عەقڵیەتەی دەسەڵاتی ناوەندی ئێستای عێراق، بە شێوەیەکی گونجاو و حەقانی مامەڵە لەگەڵ کوردستاندا بکەن، وەک تا ئێستا لە رەفتاریاندا دەردەکەوێت، ئەوە لەوەش گەرێ کە خەونە سەرەکیەکەی کورد لە گۆر دەنرێت .

٤- پشت بەستن بە ئەگەرێکی دوور، کە لە کردەوە و رەفتارێکی ھاوبەشی چوار لایەنەکە بەرجەستە ببێت: ئەویش کشانەوە لە حکومەت و بەجێھێشتنی دەسەڵات بۆ پارتی لەم قۆناغە و روو کردنەئۆپۆزسیۆن بونی ھەرچوار لایەنەکە، بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی ھەڵە زەقەکانی دەسەڵاتی دەسترۆیشتوی ھەرێم ببورن و، خەڵک لەوە یەکلایی بێتەوە کە کێ بارودۆخەکە بە تەوای بەرەو ئاقاری خراپ دەبات، لەوێشدا بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت .

٥- پەنا بردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت، کە یەکێکە لەچارەسەری ریشەییەکان، بەڵام ئەگەری خراپیشی تێدا چاوەرێ دەکرێت . ئەگەر لایەنەکان بگەنە قەناعەت بۆ روکردنە ئەم چارەسەرە، لەم کاتە زۆر ھەستیارەی کە لە قوڵایی ناکۆکیەکانداین، ئەگەری توندو تیژی و بەلارێدابردنی ھەڵبژاردن و ئابروچونی ساختەکاری و سومعەت و کەرامەتی ھەرێم دەخاتە ژێر ھەزار پرسیارەوە و تەنانەت ترسێکی گەورە لە شەر و پێکدادانیش دەکرێت .

ئەگەر باوەرمان بەوە ھەبێت کە دەبێت لەکۆتادا ھەر راستیەکان راست دەربچن، ئەوە ھێمنی و سەبر و لە خۆبردوویی و زۆر ھەست بە بەرپرسیارێتی کردن، لەلایەن چوار لایەنەکەوە دەوێت، چونکو خەڵک لە دەسترۆیشتوان شۆراوەتەوە، لەبەر ئەوەی پ بەو رەفتارە نا یاسایی و نادیمورکاسیانەیان، حەقیقەتی بیرکردنەوە و روانینیان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵک و ئەزمونی کوردستان دەرخست .

رادەی پەرۆشی ھەمو لایەک لەم کاتەدا بە ئاستی قوربانیدان بە بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان دەپێورێت، نەک قسەی رووت و ئیدعای بەتاڵ، لەم قۆناغەدا زۆرێک لە نھێنیەکانی ھەموو لایەنەکانی خرایە سەر بەڕە . بۆیە ئێستا خەڵک چاوەرێی دەستی چوار لایەنەکە و خەڵکانی عەقڵمەندی دەرەوە و نێوخۆی ئەم چوار لایەنەن، بە ھەموو قوربانیەکی حزبی و لەپێناو گەلی کوردستان، پارتی ناچار بکەن بۆ ملدان بۆ رێگەچارە گونجاوەکانی قەیرانەکە و ھاتنە خوار لە کەلی شەیتان، بۆ ئەوەی لەوەش زیاتر سواری سەری خۆی نەبێت ، ئەگینا وا بزانین پارتی و لەم کاتەدا بەم عەقڵیەت و بیرکردنەوە و مواسفات و سەرکردایەتیەوە بە وروژاندن و عینادی و رەفتاری توند بێتە ژێربار، لە پێشبینی ھیچ کەسێکدا نیە، دەبێت خەڵک پەنابردنەکانی پارتی بۆ دوژمنان لەبەرچاو بگرێت کە سڵی لە ھیچ شتێکی نەکردۆتەوە لە مێژووی خۆیدا . ئەمەش ھۆکاری بابەتی خۆی ھەیە کە لە رادەی رۆشنبیری و ھۆشیاری خەڵک و بیروباوەریان لەم قۆناغە سەختەی ژیانی کوردستاندا دەبینرێت، ئەگینا سندوقی دەنگدان زۆر شت یەکلایی دەکاتەوە ئەگەر گەل بە جوانی بیربکاتەوە و ھەڵسەنگاندن بکات .

با ئەم قۆناغە تێپەرێنین و پلان و بیرکردنەوەی عاقڵانەی نوخبە زۆر شتی تریش یەکلایی دەکاتەوە . ئەوەی پەندی لێوەربگرین ئەوەیە: ئەمریکا بەم زلھێزەی ئیستایەوە لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت، خەڵکی نوخبە پیشرەوی دەکەن، نەک کۆی گشتی عەقڵی گەلی ئەمریکا . بۆیە ئەرکی قورس دەکەوێتە سەر نوخبەی بەرپرسی کوردستان بە حزبی و بێلایەنیەوە، بەڵام مانەوەی ئەم قەیرانە وەک خۆی تەنھا لەقازانجی موحافزکارانی کوردستانە و، لە دژی رێرەوی راستی گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکانە .