پیری زەردەشتیانی کوردستان: کوردەکانی باکوور موعجیزە( پەرجو) دەخوڵقێنن

ڕۆژ نیوز ـــ عەلى ساڵح...

پیر لوقمان، سەرۆکى ناوەندى ئایینى زەردەشتیانى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت کە هەرچۆن ناتوانرێت مێژوو بسڕێتەوە و فەرهەنگ لەناو ببرێت، ئاواش ئەم شۆڕشەى ئێستا لەباکوورى کوردستان ناتوانرێت کپ بکرێت و گڕەکەى دامرکێندرێتەوە.

دواى ئەوەى لە باکوورى کوردستان و تەواوى شارە کوردییەکان ، دژى زوڵمم و زۆرى ڕژێمى تورک ، گەلى کورد بڕیارى ڕاپەڕینى دا و لە چەند شاریش سیستەمى خۆبەڕێوەبەرى ڕاگەیەندرا ، لەبەشەکانى دیکەى کوردستان رۆژ بەرۆژ گەلى کورد پشتیوانى زیاتر بۆ ئەو هەڵمەتە دەردەبڕێت.

زەردەشتیەکانى باشووری کوردستانیش پشتیوانى خۆیان بۆ باکوور راگەیاند و پێیان وایە:" بزوتنەوەى نەتەوەیى ئازادیخوازى گەلى کورد لەباکوردا چۆتە قۆناغێکى ترەوە. لەبڕى ئەوەى گروپێک یان حیزبێک سەرقاڵى جەنگ و بەرگیرى و کوشتار بێت، دانیشتوانى نیشتمانەکە، بەگەورە و بچوکەوە خۆیان لە ڕایەڵەکانى جوڵانەوەیەکى گشتگیردا ڕێک خستووە.

پیر لوقمان سەرۆکى ناوەندى ئایینى زەردەشتیانى هەرێمى کوردستان تایبەت بۆ رۆژنیوز رایگەیاند:" ئەوەى کە لە باکورى وڵات دەگوزەرێت، دەرهاویشتەى ئاڵوگۆڕى ناوچەیى و جیهانى نییە، بەشێک نییە لەنەخشەڕێگاى زلهێزەکانى جیهان بۆ ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتە نەوتى و بازرگانەکانیەکان. بەڵکو بزوتنەوەیەکى خۆڕسکە و لەسەر پایەى تۆڕە فەرهەنگییەکانى نەتەوە لەدایک بووە، بۆیە، لەژێر هەژموونى توندوتیژیى حکومەتى تورکیادا کپ ناکرێت و هەر دەست بۆ بردنێکى بۆ بڵێسەى ئەو ئاگرە، ڕووى خۆى دەگرێتەوە و لەکۆتاییدا جەستەى خۆى دەسوتێنێت و لەناوى دەبات."

پیر لوقمان نمونەى جوڵانەوەکەى ئەردەشێر دەهێنێتەوە بیر و بەوەى دەچوێنێت و دەشڵێت :" چیتر تورکەکان ناتوانن لەبەردەم هێز و ورەى ئاسنینى کورداندا خۆیان بگرن و لەکۆتاییدا ناچارن مل بەخاوەن ماف بدەن.

" راشیدەگەیەنێت:" هەرچۆن ئەردەوان، نامەیەکى بۆ ئەردەشێرى بابەک نوسى و تێیدا ووتبووى ( ئەى کوردى لەژێر دەوارى کوردا گەورەبوو، کێ ڕێگاى پێدایت کە تاجى پادشاهى بخەیتە سەرخۆت؟) بەڵام بەهۆى ئەوەى جوڵانەوەکەى ئەردەشێر لەناو جەماوەرەوە چەکەرەى کردبوو، توانى دێ‌ بەتاریکى ژێردەستەیى نەتەوەیى کورد بدات و گڕى ئاگرەکە بەرەو ئەردەوان و سوپاکەى پێچەوانە بکاتەوە ، بەلەناوبردنى ئەردەوان و دامەزراندنى ئیمبراتۆریەتى ساسانی، سەروەرییەکى گەورە و مێژوویى بۆ نەتەوەکەى بەدەستهێنا و زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ فارسەکان نەیانتوانى دەسەڵاتیان هەبێت.

دەشڵێت:" بۆیە، چییتر تورکەکان ناتوانن لەبەردەم هێز و ورەى ئاسنینى کورداندا خۆیان بگرن و لەکۆتاییدا ناچارن مل بەخاوەن ماف بدەن. ئەمڕۆش بزوتنەوەى نەتەوەیى لەباکوردا چۆتە قۆناغێکى ترەوە. لەبرى ئەوەى گروپێک یان حیزبێک سەرقاڵى جەنگ و بەرگیرى و کوشتار بێت، دانیشتوانى نیشتمانەکە، بەگەورە و بچوکەوە خۆیان لە ڕایەڵەکانى جوڵانەوەیەکى گشتگیردا ڕێک خستووە. بەتایبەت ژنان دەورێکى بەرچاویان تێدا هەیە و شۆڕشێکیان دەستپێکردووە تەواوى جیهانى سەرسام کردووە. هەربۆیە، حکومەتى تورکیا، نەیتوانیوە گەریلاکانى پەکەکە بکاتە بیانووى پەلامارەکانى بۆ سەر خەڵک و هیچ بەدەستەوەدانێکى باوەڕپێکراوى پێ نییە تاکو وەک قەناعەتهێنەر پێشکەش بە جیهان بکات."

ناوبراو ئەوەش دوپات دەکاتەوە کە بزوتنەوەى باکوورى کوردستان ،ڕیشەیەکى مێژوویى و فەرهەنگى هەیە و هیچ بەربەستێک ناتوانێت خۆى لەبەردا بگرێت. لەبارەیەوە دەڵێت:"شاڵاوى خەڵکى کورد لەباکور دژ بە حکومەتى تورکیا، ترس و لەرزى خستۆتە ناو دڵى تورکە ڕەگەزپەرستەکانەوە و بەتەواوى ڕایچڵەکاندوون کە بەم زووانە کوردەکان وەک کیانێکى نەتەوەیى لەتورکیادا دەسەڵات وەردەگرن و نزیکەى نیوەى خاکەکەیان کە پێشتر داگیریان کردبوو لەدەست دەدەن. بۆیە، تەواوى هێزى مرۆیى و سیاسى و سەربازى و دیبلۆماسیەتى خۆیان خستۆتەگەڕ تاکو بەر لەو پێشهاتە بگرن کە دڵنیان ڕوودەدات. بەڵام، خەڵکى باکوور سەلماندیان جێبەجێى دەکەن وەک زەردەشتى مەزن دەفەرموێت( با لەو کەسانە بین کە جیهان تازە و نوێ دەکەنەوە) ئێستاش کوردانى باکور، بەتەواوى سازن بۆ ئەو نوێبوونەوەیە."

پیرى زەردەشتى لە دوا ووتەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز باسى لەوەش کرد :" هەرچۆن ناتوانرێت مێژوو بسڕدرێتەوە و فەرهەنگ لەناو ببرێت، ئاواش ئەم شۆڕشەى ئێستا ناتوانرێت کپ بکرێت و گڕەکەى دامرکێندرێتەوە و لەماوەى ئایندەدا کە هەڵبژاردن دەکرێت، ئەنجامەکانى دیارى دەدات و کورد، لەسەر ئاستى ژمارەکان، پەرجوویەک ( موعجیزە) دەخوڵقێنن کە هەرگیز بەبیرى کەسدا نەهاتبێت.