دیمانە لەکەل نووسەر و رۆماننووس " یوسف عزەدین"

سازدانی: کارزان رەحمان

: کۆمەڵێک گەنج لەدوای ساڵی ٢٠٠٠-ەوە دەرکەوتوون، کەدەتوانین بڵێین ئەمانە نەوەی دوای٢٠٠٠-ن. ئایا ئەم نەوە تازەیە لەچ لایەنێکەوەو تا‌چەند ئیزافەیان کردووەتە سەر ئەدەبی کوردی؟

یوسف عزەدین: "ئەمبێرتۆ ئیکۆ" دەڵێت:

( ھیچ شتێک لەمڕۆدا نییە، لەشڵەژان و شێواندن بەدەر بێت، ھەروەک چۆن ھیچ شتێکیش نییە دوور بێت لەجەھل و ئیلتیباسەوە)..دەکرێت و دەشێت لەم تێڕوانینەی "ئیکۆ"-ەوە بڕوانینە زۆرێک لەو شتانەی لەم دنیایەی ئێستاماندا و لەنێو زۆر کایە و بواریدا دەگوزەرێت، دیارە بەتاوتوێکردنی ھەر پێنج پرسیارەکەشتانەوە، کەسەرجەمیان بارگاوین بەئەرگۆمێنت و دەبێت بەو پەڕی گومان و پرسیارەوە، دوور و نزیک خۆمانی لێبدەین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ھەر شتێک کەمن لێرەدا سەبارەتی بیڵێم؛ تەنھا ھەوڵدانە بۆ کردنەوەی دەرکەو دەروازەکانی پرسیارگەلێکی دیکەی ئەرگۆمێنتاویی گرنگ و دەبێت ھەردەمیش لەوەڵامدانەوە خۆمان رابپسکێنین و ھەمیشە لەمیانی تەرحکردنی پرسیارەکانەوە، یەقینەکان بسڕینەوەو ئەوداڵی یەکاڵاکردنەوەو کەشفکردنی شاراوەو پەنھانەکان ببین، گەرچی پێ بزانین و نەزانین ھەموو ئەمانە لەنێو بێھوودەییەکی قووڵی پڕ نیگەرانیمان، دەرحەق بە شتەکان ھەڵدەسووڕێن...دەمەوێت وەک لەزۆر شوێندا جەختم کردۆتەسەر ئەوەی کەمن؛ لەھیچ ئان و زەمانێکدا وەڵامم بۆ ھیچ پرسیارو پرسیارگەلێک پێ نییە و بۆ خۆم دوژمنێکی سەرسەختی سەرجەم وەڵام و وەڵامگەلە راوەستاو و دۆگم ئامێزەکانم.. نازانم بۆ نمونە ھەرچییەک سەبارەت بەمنداڵی مرۆڤ بگوترێت و ھەرچۆنێک دەسنیشان بکرێت و وەک بەڵگەنەویست ئاماژەی پێبدرێت، بەڵام کەسێکی وەک "بۆرخیس" لەتەمەنی نۆ ساڵیدا تێکستی "میری بەختەوەر"ی "ئۆسکار وایڵد"ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی “ئیسپانی”؟!..یان ھەمووان ئەوە دەزانین "مۆزارت" و "بتھۆڤن" لەتەمەنێکی زۆر منداڵیدا لەئاستێکی زۆر بەرزدا، نەک ھەر میوزکیان ژەنیوە؛ بەڵکو ئاوازیشیان داناوە؟!.. ئیدی لەکاتێکدا بەشێوەیەکی گشتی پێودانگەکانی منداڵی و منداڵبوون ھەرچییەک بن، ناتوانین نکووڵی لەو شتە سەیرئامێز و گرنگانە بکەین، کەھەر لەو تەمەنەدا ھەن توانیویانە بیکەن..ھەروەھاش گەنجێتی، واتە مەرج نییە ئەوەی بەگشتی و تەقلیدییانە سەبارەت بەگەنج بەگشتی دەگوترێت؛ بلیمەتێکی گەنجی بواری ھونەر و ئەدەب، یان ھەر بوارێکی دیکە بگرێتەوە؟!.

بۆ نموونە کاتێک بەگشتی گەنج حەزی بەوەرزش ، یان زۆر شتی دیکەیە، ئەوە رەنگە ئەو گەنجەی کەتوانای قووڵبوونەوەی لەدنیای خوێندنەوەو نووسیندا ھەیە، بەوان نەچێت و وەک ئەوان نەبێت ، لەڕووی کردنی ئەو کردانەی کەھاوتەمەنەکانی پێێ ھەڵدەستن، ھەرچەند کردنیشی، واتە وەک ئەوان ھەڵسووڕانیشی، کارێکی خراپ نییە و بگرە واباشە وەک ئەوان ئاسایی بێت، بەڵام کێشەکە لەودایە، کەنایەوێت لەوان بچێت، یان ئەگەر بشیەوێت ناتوانێت لەوان بچێت؟!.

ھەر بۆیە سەیر نییە گەنجێکی ژیان سەیر و سەمەرەو جیاوازی وەک"بۆرخیس" لەجێی ئەوەی سەتحییانە وەک زۆرێک لەنەوەکەی خۆی بیر بکاتەوەو بگوزەرێت، ئەو دێت و خۆی بەخوێندنەوەو ‌شیعر نووسینەوە سەرقاڵ دەکات و ھەروەک چۆن ئاماژەشمان پێدا ھەر لەمنداڵییەوە خولیای ئەدەبیاتی ھەبووەو ئیدی لەبیست و سێ ساڵیدا یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بەچاپ دەگەیەنێت.. کەتائێستاش بەجدیترین تێکستە شیعرییەکانی "بۆرخیس" دەدرێنە قەڵەم.. دەبینین بەھیچ شێوەک تەمەنی ئەو زاتەو چەندین کەسی دیکەی نێو دنیای ئەدەبیات رێگر نەبوون لەوەی جوانترین تێکستەکانی خۆیان لەگەنجێتیدا بنووسن...وەک "رامبۆ"و"بۆدلێر"و"ئێدگەر ئالن پۆ" و "ھێرمان ھیسە"و ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کەھەر لەگەنجییەوە.. تێکستی زۆر جوانییان نووسیوە.. یان دەتوانین بەشێوەیەکی دیکە بڵێین تەمەن رۆڵێکی ئەو تۆ نابینێت لەنووسینی تێکستی جدیی و جواندا، ئیدی دەکرێت نووسەرێکی وەک"سیلین" لەدواییەکانی ژیانی ھەر پێش مردنی "کەتەمەنی لەسەرو شەستەوە بوو" یەکێک لەتێکستە باشەکانی خۆی بنووسێتەوە، یان وەک "بەدر شاکر سەیاب" کەبەگەنجی نەک ھەر تێکستی جیدی نووسی، بەڵکو بۆ ھەتا ھەتایە جوگرافیای شیعری عەرەبیشی گۆڕی و بەو چەند ساڵە کورتەی ژیانی توانی، بەرھەمگەلێکی وا جێ بھێڵێت، کەبەدرێژایی سەدەیەک بووە جێی قسەو باس و ئێستاش بەردەوامە.. ئیدی ھەشن ئەگەر عومری "نوح"و ھەموو کتێبەکانی دنیا و باشترین کاتی بێ ئیش و کاریی و چاکترین بارودۆخی ماددییان بخەیتە بەر دەست، ناتوانن بەدرێژایی ژیانیان یەک دێڕی جیدی بنووسن؟!.

ئەمە لەکاتێکدا شاعیرێکی بەتوانای وەک"نالی" کەنەک ھەر بەھرەمەند نەبووە لەخۆشگوزەرانی و رەحەتیی ژیان، بەڵکو لەناڕەحەتریین ژیانی پڕ نەھامەتیدا ژیاوەو ھاوکات توانیو‌یەتی باشترین تێکستە شیعرییەکانی خۆشی بێنێتە بوون، بەچەشنێک کەلەمڕۆشدا سەراسیمەو شەیدامان دەکات و پاش خوێندنەوەیەکی قووڵی ھێندێک لە تێکستەکانی دەگەینە ئەو راستییەی، ئەو لەھەبوون و نەبوونێکی مەجازیدا، کاری کردووە..واتە کارکردن لەو شوێنانەی تێکستدا، کەبەونکردن و ونبوونیان، شتێکی دیکەی جیاواز لەتێکستە ئەسڵییەکە"مەبەستم لەتێکستە مەجازییەکەی لای دانەرە" لێ پێک دێت!؟.

کارزان ڕەحمان

: لەدوای ٢٠٠٠ەوە، کۆمەڵێک کتێبی شیعری بڵاوکراونەتەوە، ھەروەھا چەندین دەقیش لەگۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە، کەنووسەرەکانیان بەتەمەن گەنجن. ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە بەشاعیرە باشەکانی ئەو نەوەیە بڵێین باش و بەخراپەکانیش ھەروەتر، باشی و خراپیش بەلێکدانەوەو دوور لەناوچێتی و ھاوڕێتی و ھەر پێوەندی و رقبەرایەتییەکی تری ناپێویست؟

یوسف عزەدین: خۆی لەڕاسیتدا و بەشێوەیەکی گشتی، ھەوڵ دەدەم؛ سەرجەم ئەوەی کەپێویستە بگوترێت و ‌پەیوەستە بەراستەوخۆیی پرسیارەکانتان سەبارەت بەگەنجان، ئەگەر توانیم بۆ دوا پرسیارتان بھێڵمەوە و تا ئەوێش گەر توانیم ھەوڵ دەدەم، لەکون و کەلێن و شوێنجێگەی دیکەوەو شانبەشانی ئێوە، پرسیارگەلێکی دیکە بورووژێنم، بەمەبەستی خوڵقاندنی بگرەو بەردەیەکی جوداو جیاواز لەتەقلیدییەتی ئەو چەشنە مامەڵەیەی کەتا ئێستا لەتەک تەوەر و دیدار و ھاوچەشنەکانیدا کراوە، کەلەزۆربەیاندا یەقین و وەڵامدانەوەی موتڵەق و تەسەووراتی دۆگم ئامێز و دنیابینی مەحکەم، مەترەحە و لەودیو ئەوەشەوە، شتێکی دیکەمان ناکەوێتە بەرچاو.. بەڵام تۆ بڕوانە تازەترین با‌بەت کەپێش ئەوەی بکەومە تایپکردنی ئەم وشانە، ھەر ئەم بەیانییە بەرچاوم کەوت، ئەویش کەشفبوونی شتێکی زۆر گرنگە کەساڵانێکە لەمۆزەخانەی ھۆڵەندا، بەو پەڕی وریاییەوە ھەڵگیراوەو کەپێشتر وەک دیارییەکی بەنرخ و لەساڵی١٩٦٩ پێشکەش بەسەرۆک حکومەتی ھۆڵەندا"ولیام دریس"کراوە.. دیارە ئەو شتە گرنگەش پارچە ‌بەردێکی سەر مانگ بووە، یان دەتوانین بڵێین تا پێش کەشفبوونیشی؛ نەزانراوە کەبەردی سەر مانگ نییەو تەنھا پارچە تەختەیەکی سەر زەوی بەبەردبووە، ‌..جا ئەوەی لەم ئاماژەپێدان و خستنەڕووەماندا گرنگە، ئەو راستییە کەدەرئەنجامی گومانی کارمەندێکی نێو مۆزەخانەکە بەناوی"کساندرا ڤان" لەپارچە بەردەکە، دەبێتە مایەی پشکنینی و دەرکەوتنی راستییەکی ھەڵخەڵەتێنەری سەیر، وەک"کساندرا ڤان"یش دەڵێت:(مەگەر تەنھا بەزانینی ئەم راستییە پێبکەنین) .. نازانم سەیر نییە پاش ساڵانێکی دوور و درێژ، گومانی کەس و کەسانێک، دواجار بووبێتە مایەی دەستدان لەشتێکی زۆر گرنگ و یەکاڵاکردنەوەی راستی موزەیەفبوونی؟! ھەر پاش ئەو کەشفبوونەش، زانییان ئەو دەوڵەتەی ئەو بەردەی پێشکەش بەسەرۆک حکومەتەکەیان کردووە، لەژێریدا نەینوسیوە؛ بەردێکی سەر مانگ و دواجاریش وا تازە تازە دەگەنە ئەو راستییەی؛ کەئەگەر بەراستی بەردێکی سەر مانگ بایە، ئەوە بێشک پێشکەش بەشاژنی ئەودەمی ھۆڵەندا"یولیانا" دەکرا، کەواتە ئەو کەسەی ئەو فێڵەی لێ کردوون، شتێکی زۆر قووڵ و ھەمەلایەنەی لەگەڵ کردوون.. کەلەئێستادا بۆتە دەیان پرسیار سەبارەت بەرابردوو و ئێستا و داھاتووی خۆیان؟!.

کارزان ڕەحمان

: رەخنەی ئەدەبی کوردی ھەردەم لاواز و راگوزەر بووە، بەڵام دەبینین رەخنەو لێکۆڵینەوە لەھەمبەر دەقی شیعریی ئەو شاعیرە گەنج و تازەیەدا لاوازترن، دەمەوێ بەوردی تیشک بخەیتە سەر ھۆکارەکان، بۆچی؟

یوسف عزەدین: رەنگە لەم دەرفەتەدا، نەتوانم شتێکی ئەوتۆ، سەبارەت بەپرسیارەکەتان بخەمەڕوو، بەتایبەتیش سەبارەت بەوەی ئاخۆ بۆ ھەندێک لەنووسەرانی بواری رەخنەی کوردی، لەسەر کۆمەڵێک تێکستی جیددی فڵانە نەوەی نەنووسیوە؟!.. یان بۆ بەمەبەستی بەدەستھێنانی دەسکەوتێکێ ماددی، ھەندێک بەناو رەخنەگر بەپێی تەڵەبی فڵان وفیسارە رۆژنامە و گۆڤاری ئەدەبی کار دەکەن و ئامادەن، لەسەر ھەر تێکستێکی چرووک و خراپ بنووسن؛ کە لەسەرەوە بۆیان دیاری دەکرێت و خەڵاتە ماددییەکەی مسۆگەرە.. پێم وایە زۆر کەمن ئەو رەخنەگرانەی، کەدەتوانن تەنھا بۆ خستنەڕووی دنیای جوانی ئەدەبیانەی تێکستێک، بێ ھیچ بەرژەوەندییەکی زاتی لەسەری بنووسن؟! لەکاتێکدا چەند زۆرە ئەو بەناو دیراسانەی لێرەو لەوێ لەسەر ھەندێک لەو تێکستانە نووسراوە، کەخاوەنەکانیان لەشوێنێکی دیاریکراو و بەرچاوی دەزگایەکی رۆشنبیری یان شوێنێکی لەو چەشنەدا دەستبەکار و بەرپرسن، کەپێم وایە ئاستەمە ھیچ لەو جۆرە نووسینە بەناو رەخنەییانە چاوەڕێ بکرێت، کەبەمەبەستی خۆ بردنە پێش و خۆ جێکردنەوە نووسراون و ھیچ پێوەندییەکی بەورووژاندنی پرسیار و خستنەڕووی تەفکیکیانەی تێکست و بگرە و بەردە ئێستەتیکی و مەعریفییەکانەوە نییە..واتە رەخنەیەک نییە لەو چەشنەی "تەھا حسێن" سەبارەت بەشیعری جاھیلی ورووژاندی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت گفتوگۆی دەرحەق دەکرێت..بەھەرحاڵ پێم باش دەبوو، گەر بەشێوەیەکی بەرچاو رەخنەیەکی کوردی جدی ھەبایەو ھاتبایەو بۆ نموونە، ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەیەکی تەفکیکیانەی قووڵی بۆ تێکستە جوانەکانی "نالی" و "مەحوی" دەکرد..یاخود حەقمانە ببپرسین ئەگەر شتێک بەناوی رەخنەی جیدی کوردی ھەبایە، بەتایبەت دەرحەق بەشیعر، دەبا خوێندنەوەیەکی قووڵی بۆ دنیای شیعریی شاعیرانێکی بەتوانا، کەبەجدییەتەوە دەنووسن کردبا، جا سەرباری نەبوونی کایەیەکی جیدی رەخنەیی دیار و بەرچاو..ھەندێک نووسەر ھەن ئەو بۆشاییە رەخنەییە بەھێنانە ناوەوەی کەس و کەسانی بێتوانا پڕ دەکەنەوە، بەمەرجێک قایل بن ناویان بەکار بێت بۆ بەرزکردنەوەی، ئەو نووسەرەی کەئەو جۆرە رەخنەگرە دروست دەکات..خۆی لەڕاستیدا گەمەیەکەی سەیر و زیاتر تایبەتە بەدنیای بەناو ئەدەبیی کوردییەوە، بۆ نموونە کەسێکی گەوجی ھیچ نەزانی بوودەڵە لێرەو لەوێ پەیدا دەکرێت،‌ سەرەتا کۆمەڵێک بابەتی رەخنەیی سەبارەت بەکۆمەڵێک تێکست بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێتەوە، باشتریشە لەسەر بابەتگەلێکی جیھانی بێت، تا بزانرێت ئەم رەخنەگرە تازە دروست بووە، زادەی خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەدەبیاتی جیھانییەو سەرباری ئەوەی بەم شێوەیە گومانیشی لێ ناکرێت؟!.. دواتر ھێدی ھێدی دەکەوێتە بەباش لەسەر نووسینی ھەندێک نووسەری خراپی نێوەندەکە، کەناو ھێنان و بەزکردنەوەی کارەکانیان نابێتە مەترسی و ھیچ لەشان و شەوکەتی نووسەرەکەی خاوەنی کەم ناکاتەوە، ئینجا پاش ئەوە دەکەوێتە لێدانێکی زیرەکانەی کۆمەڵێک ناو جیدی، بۆ نموونە رەنگە تا کۆتایی وتارێکی بەناو رەخنەیی، بەباش باسی دیوانە شیعرێک بکات، کەچی لەکۆتایدا، دەڵێت بەڵام زمانەکەیم بەدڵ نەبوو، یان چێژم لەخوێندنەوەی نەبینی و شتی لەو چەشنە، ئیدی ئەم رەخنەگرە وەھمییەی، کەخۆی کەسێکی نەگبەتی بێ دەسەڵاتی ھەزیل وھەزەلیی؛ لەڕووی سایکۆلۆژییەوە نەخۆشە؟!.. بەم چەشنە دەکرێتە ناو و لەڕۆژی خۆیدا بەنموونەیەکی لەم چەشنەی کەلەخوارەوەڕا ئاماژەی پێدەدەم، دێت و دیراسەیەک لەسەر ئەو نووسەرە گەورەو گرنگەی کەدروستیکردووە دەنووسێت، وا باشتریشە لەپێشەکیدا بڵێت، کەگوایە ‌ئەم پێشتر تێکستەکانی ئەوی نەبینیوەو و بەئیرادەی خوا و لەپڕ تێکستێکی ئەوی خو‌ێندۆتەوە، ئیتر حاڵی لێبڕاوەو تف لەزاری وشک بووەو بەچەشنی پێداھەڵدانی گەورە پیاوێک؛ دەستی کردووە بەبالۆرە گوتن و پێدا ھەڵدانی عەزەمەتی تێکستەکە؟!.. بۆ نموونە ئەگەر مەبەست بوو"س" ناوێکی خراپ نووس، وەک باشترین شاعیر باس بکرێت، ئەوە ئەو شاعیرەی کەپێشتر رەخنەگرەکەی دروستکردووە، بەناوی ئەوەوە دەنووسێت:

( ھەرچەند کۆمەڵێک شاعیری "بۆ نموونە ھەشتاکان، یان نەوەدەکان "ھەن، بەنەفەسێکی ترو بەخەون و خولیایەکی جیاوازەوەو لەنێو دنیای شیعردا دەرکەوتن، کەمن ناوھێنانیان بەپێویست نازانم و کاری من نییە...بەڵام لەناو ھەموویاندا "س" ناوێک ھەیە، کەویستی دنیایەکی بێ ھاوتای زۆر گرنگی تایبەت بەخۆی بنیات بنێت، دنیایەک کەبەئاسانی خۆی بەدەستەوە نەدات و پشت تێکستەکانیشی پڕ بن لەمەعریفە و تاد...)..

جا ئیدی ئەم رەخنەگرە تازە دروستکراوە، لەبیری چووە، یان بابڵێین ئەو نووسەرەی کەئەوی دروستکردووە لەیادی چووە، ئەم جۆرو چەشنە نووسینە رەخنەییانە، بەھەمان ئیقاعی پێداھەڵدانی کلاسیکییاتی نووسینی؛ پێداھەڵدانەکانی زەمەنێکی بەسەرچووی سەڵتەنەتی نائەقڵ و رۆحییەتی ئەو دەم نووسراونەتەوە، وەک نموونە کەپێشتر شتگەلێکی لەم چەشنە دەگوترا:

( ئەو نووسەرە قەلەندەرە شۆڕەسوارەی، لەمەیداندا بۆڕی ھەمووانی دابۆوەو ئەسپی کەحێلی نووسینی، جیاواز لەئەسپەکانی تر، بەغارغارێن و حیلاندنی جیاوازەوە، ھاتبووە مەیدان و لەھەمووان جیاوازتر شارەزای ھەموو چەشن و شێوەکانی جلیت بازیی ئەدەبی و رم بازێنی بەلاغی و چاوداگرتنی جەمالی بوو..ئەڵڵا ،ئەڵڵا.. لەعەزەمەت و شان و شەوکەتی ئەو شۆڕە سوارە ئەدیبە سمێڵ قەیتانییەی، کەنەخۆیی و نەئەسپی قەڵەمی ھاوشانیان نییە و مومکین نییە بەتوڵی عوسور و تائەبەد ئەلدەھریش نەزیریان بۆ پەیدا ببێت ؟!!...).

بەڵام وەک لەگفتوگۆیەکی دیکەشدا ئاماژەم پێداوە، ئەگەر تێکست لەشوێنێکەوە پەیوەست بێت بەکەینونەوە، یان بوونمانەوە، ئەوە تەئویلی ئێمەی خوێنەر، ھەوڵدانێکە بۆ کەشفکردنی ئەو چەشنە تەماسەی کەلەگەڵ شتەکاندا ھەیەتی و کردوویەتی..ھەموو ئەمەش بەبێ پرسیارکردنی بەردەوام و گەڕانی بێ پسانەوەمان مەیسەر نابێت...تێکستە جدییەکان ئەو تێکستانەن، کەبەردەوا‌م قابیل بەخوێندنەوەی نوێ و جدیین..خوێندنەوەش ھەردەم لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کەدانەرەکەی بەئاگا یان بێئاگا، دەسەڵاتی بەسەردا نەشکاوە، یان لێی بێدەنگ بووە.. یان لەکاتێکدا ویستویەتی شتێک پەردەپۆش بکات شتێکی دیکەی لەو ترسناکتر یان سەیر و سەمەرەتری درکاندووە.. بەبێ گومان و دڵەڕاوکێ و بگرەو بەردەیەکی قووڵی ناوەکی مەحاڵە بتوانین بچینە قووڵایی تێکستەکانەوە...باشە ئەگەر دنیای خوێندنەوە ھێندە قووڵ بێت، ئەوە دەبێت نووسینێکی رەخنەییانە چەند ئاڵۆز قوورس بێت، لەکاتێکدا بەڕای من کاری خوێندنەوەی رەخنەییانە ھەڵوەشاندنەوەی تێکست و کەشفکردنی گەمەکانییەتی، حاڵی بوونە لەو توانا و ھێزەی لەکاتێدا دەیەوێت تا شوێنێکی دیاریکراو بمانبات یان وا خۆی دێنێتە پێش چاو، کەچی لەڕاستیدا مەبەستی بووە تا شوێنێکی لەو جیاوازتر بمانبات... بۆ نموونە ئامۆژگارییەکی بەرچاوی سەرانی ھەندێک لەئاینەکان بۆ باوەڕدارانی خۆیان ئەوەیە، زۆر لەئاییندا قووڵنەبنەوە، واتە بەشێوەیەکی سەرەکی زۆر لەتێکستە ئاینیی و رامانە فکرییەکاندا قووڵ نەبنەوە، یان بڵێین وا قووڵ نەبنەوە، کەقووڵبوونەوەیان ببێتە مایەی پرسیار، کەچی نووسینی تێکستە ئاینییەکان، بۆ خوێندنەوەیەو پێشم وایە تێکستە بنەڕەتییە ئاینییەکان ئەو مانیفێستۆیەن، کەباوەڕدارە خوێندەوارەکانی پێ رادەکێشرێت، بێگومان بوونی دوو داواکاری دژ بەیەک، شتێکی وا سەر پێی نییەو ھەر لەمیانی ئەو نموونەیەوە گەر لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی لەمەڕ بکەین دەتوانین، لەزۆر شت وبەتایبەتیش خوێندنەوە و ناخوێندنەوە حاڵی ببین، بەحاڵی بوونیشمان لەوە؛ دەزانین چۆن زۆرترین ژمارەی خوێنەری کورد، لەجێی خوێندنەوە مومارەسەی ناخوێندنەوە دەکات و ئەمەش کارێکی ترسناکە ‌!؟.

کارزان ڕەحمان

: لەزۆربەی کاتەکان و لەزۆربەی بڵاوکراوەکاندا، دەقەکانی ئەو نەوە تازەیە رەت دەکرێنەوە، کەبڵاویش دەکرێنەوە مەگەر چۆن، ئەگەرنا ھەردەم سەرنووسەر، تەنانەت دەستەی نووسەرانیش، وەکو کۆمەک لەبڵاوکردنەوەی شیعرەکانیان دەڕوانن و وەھا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن..بۆچی؟ لەنێو کورددا خودی دەق ناخوێندرێتەوە؟ داھێنان پێداویستی بەپێدا ھەڵگوتن نییەو بەھیچ شێوەیەک لەجوانییەکانی خۆی ناکەوێت، بەڵام بۆچی ھەوڵی کوشتنی جوانییەکان ھەر بەردەوامە؟

یوسف عزەدین: بەڵام لەدنیاشدا نموونەی زۆر سەیری دژایەتی و پەراوێزخستنی نووسەران، گەر سەد دەر سەد بەم شێوەیەی لا‌ی خۆشمان نەبێت ھەبووەو ھەیە!؟... ھەر بۆ نموونە نووسەرێکی لەژیاندا نەماوی وەک "سیلین"ی بەڕەچەڵەک فەڕەنسی، کەلەساڵی ١٩٦١دا کۆچی دوایی کردووە، تا ئەم دواییەش لەوڵاتێکی بەناو دیموکراتی وەک فەڕەنسادا، چاپکردن وبڵاوکردنەوەی کتێبەکانی قەدەغە بوون.

ناوبراو، بەشێوەیەکی سەیر دژایەتی ھەموو سامی نەژادێکی کردووەو بەتایبەتیش جولەکە؛ ھەربۆیە پاش وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی رۆمانێکی ناوبراو لەم دواییانەدا، بەناوی" سەفەرێک لەدواییەکانی شەودا"، بەزمانی عیبری لەئیسرائیل؛ بووە مایەی گفتوگۆگەلێکی توند لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، سەبارەت بەقەدەغەکردن و قەدەغەنەکردنی کتێبەکە ، بەڵام دواجار کتێبەکە قەدەغە نەکرا؟!

ئاشکراشە "سیلین" لەرۆژگارێکدا کاریگەری لەسەر "سارتر"یش ھەبووە، ھەر بۆ نموونە لەرۆمانی "رشانەوە"یدا، "سارتر" دێڕێکی ئەوی بەکارھێناوە.. جا ئەم نووسەرە بیروڕای ھەرچییەک بێت، توانایەکی ئەدەبی باشی ھەیەو ناکرێت نکووڵی لێبکرێت..کەچی ھەمیشە باجی بیروبۆچوونە نامرۆڤانەکانی خۆی داوە، بۆ نموونە کاتێک لیژنەی پێدانی خەڵاتی گۆنکۆر، بڕیاری دابوو خەڵاتی ساڵی ١٩٣٢ بداتە"سیلین"..بەڵام پێش یەک ھەفتە،‌بەر لەڕاگەیاندنی ‌پێدانی خەڵاتەکە، دەرئەنجامی ‌دەست تێوەردانێکی سیاسی و خیانەتی دوو ئەندامی لیژنەی خەڵاتەکەو پاشگەزبوونەوەیان، خەڵاتەکە درایە نووسەرێکی فاشیلی وەک"مازلین"و ھەر زووش خوێنەران پاش خوێندنەوەی نووسینە لاوازەکانی، بەفەرامۆشیان سپارد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، شوھرەتی خەڵات وەرگرتنی نەبووە مایەی بەنج بوونی خوێنەرانی ھوشیار و بەئاگا؟!

بەڵام تا ئێستاش تێکستەکانی "سیلین" ھەر دەخوێنرێنەوە، سەرباری راوبۆچوونە نەژادپەرستیەکانیشی، ئیدی دەبێت پێش ھەموو شتێک، تێکست وەک خۆی توانای بانگھێشتکردنی خوێنەری ھەبێت و خۆی بسەپێنێت، ئەگینا ھەموو رەخنەگرە باشەکانی دنیا، وەک گریمانێک ئەگەر لەسەر نووسینێکی لاوازو چرووک؛ بەباش بنووسن، دڵنیام ھیچ خوێنەرێکی جیدییان پێ ھەڵناخەڵەتێنرێت؟!.

کارزان ڕەحمان

: زۆربەی نووسەرە بەئەزموونەکان و رەخنەکار، شاعیر، لێکۆڵەر، نووسەر، تا ئێستە لەبارەی ئەزموونی ئەم نەوە تازەیە، بەجدی نانووسن و نەیانووسیوە، تەنانەت مەگەر چۆن، ئەگەر نا ئاماژە بۆ ناوەکانیشیان ناکەن، بۆچی و دەتوانیت ناوی ئەو گەنجانەمان بۆ بنووسیت، کەخاوەن تایبەتمەندی خۆیانن؟

یوسف عزەدین: لەڕاستیدا سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، کەمن وەک خۆم خوێنەرێکی ئاساییم و ھێندەی پێم کرابێت و دەرفەتم ھەبووبێت، ھەندێک لەتێکستە شیعرییەکانی ئەو نەوەیەم خوێندۆتەوە؛ کەلەئێستادا ‌بەتەمەن لاون.

بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم من ئاگاداری ھەموویان نیم و بەدڵنایشەوە تێکستی زۆریانم ھەر بەرچاو نەکەوتووە... کەواتە من بەتەنھا ناتوانم سەرلەبەری پانتاییەکی بەرفراوانی شیعری گەنجانی کورد، دەستنیشان و دیاری بکەم، بەتایبەت ئەو گەنجە شاعیرانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان، مەبەستم لەوانەیە کەبەزمانی کوردی دەنووسن و کەمتر ئێمە لێیان بەئاگاین... بەھەر حاڵ دەبێت ئەوەش بڵێین کەزۆر جار ناوھێنانەکان دەبنە ناحەقیکردن دەرحەق بەکەس و کەسانێک، کەباش دەنووسن و کەچی من و تۆ نایانناسین، یان لەکاتی ئاماژەپێدانێکی لەم چەشنەدا ناوەکانیانمان لەیادمان دەچێت، ئەمە جگە لەوانەی کەرەنگە زۆر باش بنووسن و کەچی لەئێستادا ھیچ بڵاو نەکەنەوە.. بەڵام وەک پرسیوتانەو لەپرسیارەکەتاندا ھاتووە:( دەتوانیت ناوی ئەو گەنجانەمان بۆ بنووسیت، کەخاوەن تایبەتمەندی خۆیانن؟)..خۆی لەڕاستیدا وەک تایبەتمەندی و جیاکردنەوەی شوێنپەنجەی شاعیرێک لەیەکێکی ترو شتی لەو چەشنە، یەکەم کارێکی سەختەو دواتریش من وەک خۆم رەخنەگر نیم و وەک گوتم تەنھا خوێنەرێکی ئاساییم؟!

ئەمە جگە لەوەی بۆخۆیان واباشترە لەیەکتر جیاواز بن و پێشم وایە کەم تا زۆر وابن.. ھەرچەند لای من بەراوردکردنی تێکستە ئەدەبییەکانی نەوەیەک بەنەوەیەک، یان تێکستەکانی نووسەرێک بەیەکێکی تر، کارێکی باش نییە و ھیچ پێوەندییەکی بەدنیای خوێندنەوەو تەئویلی تێکستی ئەدەبییەوە نییە؟!. ئاشکراشە کەتەمەنی مرۆڤ تامردن سات لەدوای سات لەھەڵکشاندایە بەرەو سەر، یان بابڵێین ژیانی مرۆڤ سەفەرێکە بەنێو قۆناغەکانی تەمەندا، لەبوونەوە بەرەو عەدەم، ھەر لەسەرەتای ھاتنە ناو دنیای؛ بەتایبەتیش ھەر لەکاتی ھەستکردنی بەنەرمی و ئاوداری رووکار و جەستەی و تەنانەت ھەر لەو کاتەوە کەدەتوانێت خۆی لەئاوێنەدا ببینێ و بناسێتەوە،‌ تا چرچبوون وشکبوونەوەی ئەم شوێن و ئەو شوێنی جەستەی.. ئەگەر چانسی ژیانی ھەبێت؛ بەناچاری سەفەرەکەی درێژەی دەبێت، تادەگاتە عەدەم و مەرگ و شیبوونەوەی ناو خاک؟! بەڵام ئەم یاسایە دنیای تێکستە زیندووەکان ناگرێتەوە، واتە سووڕێکی ئاوای ھاتنەبوون و لەناوچوونی تێکستی زیندوو، بەچەشنی ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران، تا ئێستا نەبووەو نەبینراوە، بۆیە دەبینین لەئێستا و داھاتووشدا، تێکستەکانی شەکسپیر و دیکنز و ئۆسکار وایڵد و پۆ و بۆدلێر و چەندینی تر، وەک چۆن خوێندراونەتەوە، ھەر ئاوا؛ یان بەچەندین چەشن و شێوەی تر دەخوێنرێنەوە؟! جا ئەو نەوە گەنجەنووسەرانەی ئێستا و داھاتووی کورد و بەبەردەوام، ئەگەر تێکستێکی جدی قابیل بەخوێندنەوە بھێنەبوون، ئەوە بێگومان پاش خۆشیان ھەر بەشەوقەوە دەخوێنرێنەوە، ھەروەک چۆن ئێمە لەئێستادا ھەندێک لەتێکستەکانی " نالی" و"مەحوی"و"گۆران" زۆرێکی تر دەخوێنینەوە، کەخاوەنەکانیان لەژیاندا نەماوون.

بەھەرحاڵ پێم وایەو ھێندەی لەئێستادا وەبیرم بێتەوە، رەنگە من پێشتر لەیەک دوو شوێنی تردا ئاماژەم بەکۆمەڵێک لەو ناوانە کردبێت، کەلەھەوڵدانی بەردەوامدان و دواجاریش ئەوە خۆیانن، دەتوانن بەردەوام بن و باشتر و باشتر بخوێنەوەو بنووسن، یان دەستبەرداری نووسین ببن و بەردەوام نەبن..بۆیە ناکرێت پێشبینی مەجھولێک بکەم، لەدنیای نووسینی کۆمەڵێک لاوی شاعیردا، کەکەم تا زۆر وەک گوتم ئاگاداری ھەوڵدانی باشی ھەندێکیانم لەئێستادا، دەشێت سەرجەمی شیعرێکیان، یان ناونیشان، یان چەند دێڕو کۆپلەیەکی شیعرییان، سەرنجیان راکێشابێتم، یان رایانگرتبێتم..