ئابوری عێراق و کوردستان ھەنگاو بەرەو مایەپووچ بوون

نەوزادی موھەندیس

• دەوڵەتی عێراق، وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە لە نەوتی خاو کە لە ئێستادا بڕی یەدەگی نەوتی خاوی عێراق بریتیە لە ١٦٠ ملیار بەرمیلی دڵنیایی و نزیکەی ٣٦٠ ملیار بەرمیلی خەمڵێنراو و بەمەش سێیەم وڵاتی یەدەگی نەوتە لەدوای سعودیە و ئێرانەوە و غازی سروشتی کە یەدەگی عێراق بریتیە لە ١١٢ تریلیۆن مەتر سێجا و بەمەش عێراق دەیەمین وڵاتی دونیایە.کە دوو سەرچاوەی گرنگی وزەن و بوشنەتە تاکە سەرچاوەی داھاتی دەوڵەتی عێراقی بەڕێژەی ٩٥%و جگە لە نەوت و غازی سروشتی عێراق سەرچاوەیەکی بەردەوام و دەوڵەمەندی تری نیە بۆ داھات وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و توانای مرۆیی و و...ھتد.ھەربۆیە داھاتی عێراق بە کوردستانیشەوە پشتیان بەستۆتە سەر داھاتی نەوت، کە ئەم داھاتەش لە ئێستادا و بۆماوەی نزیکەی دوو ساڵ دەبێت لە مانگی ٦/٢٠١٤وە نرخی ١ بەرمیل نەوت لە ١١٥ دۆلارەوە دابەزیوەتە سەر کەمتر لە ٥٠ دۆلاری ئەمریکی، کە ئەم بەردەوام دابەزینی نرخی نەوتە لە جیھاندا بۆتە مایەی زیانگەیاندنی گەورە بەسەرجەم وڵاتانی لەلایەک خاوەن و بەرھەمھێنی نەوت و لەلایەکی تریشەوە بە وڵاتانی بەکاربەری نەوت،و سەرجەم گەشە و پێشکەوتنەکانی دونیاشی خاوکردۆتەوە و قەیرانێکی دارایی گەورەو مەترسیدار بەرۆکی جیھانی گرتۆتەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە بەپلەی یەکەم پشت دەبەستنە سەر داھاتی نەوت ئەوا زیانی گەورەیان بەردەکەوێت ،ئەگەر بۆ مەودای کورتیش نەبێت ئەوا بەدڵنیایی لە مەودای دووردا زیانی گەورە بە یەدەگی نەختینەی پارەی گرانبەھا لە بانکە ناوەندیەکانیاندا و ژێرخانی ئابورییان دەگات.

• بۆیە دابەزینی نرخی نەوت بەم شێوەیە و بەردەوام بوونی ئەوا زیانی گەورە بە عێراق و کوردستانیش دەگەیەنێت.و لە ئێستاشدا سەرەتا مەترسیدارەکانی دەرکەوتوە، ئەوەتا تەنھا داھاتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات و ناتوانرێت ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزرای و وەبەرھێنان جێبەجێبکرێت و بەتەنھا لە کوردستاندا نزیکەی ٦ھەزار پڕۆژە لەکار وەستاون، خۆ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا بەدڵنیایی دەوڵەت ناتوانێت سەرەتایترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاوڵاتیان بکات و سەرجەم کەرتەکانی تەندروستی و خوێندنی باڵا و پەروەردە و ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاو بان و کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆو ..ھتد.. بۆ دواوە دەگەڕێنەوە و کۆمەڵگایەکی نەخۆش و نەخوێندەوار و دواکەوتووش بەرھەم دێت..

ھەموو ئەمانەش بەداخەوە بۆ بێ پلانی زانستی و ئیدارەیەکی سەرنەکوتوو و قوڵبونەوەی گەندەڵی دەگەڕێتەوە لەھەموو جومگەکانی دەوڵەتی عێراق و کوردستانیشدا..ئەوەتا تەنھا لەکەرتی نەوتدا بڕی ٥ر١٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی لەنێوان ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٤ زیان بەر عێراق کەوتوە. و لەکەرتی کارەباشدا بڕی ٤٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی زیان بەعێراق کەوتوە و بڕی ٣٦٠ ملیار دۆلاری ئەمریکیش زیان بەعێراق کەوتوە لە ئەنجامی گەندەڵی و کاری شۆردنەوەی دراوی یاساغکراولەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤.

• ئەوەتا عێراق بە کوردستانیشەوە ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی ئاماری وەزارەتی پلان دانانی عێراقی لە ٢٥/٨/٢٠١٥دا بریتیە لە ٣٦ ملیۆن کەس کە ڕێژە ٥١% نێر و ٤٩% مێیە ، سەرۆک وەزیران عێراق د. حەیدەر عەبادی لە ١٠/٩/٢٠١٥دا ڕایگەیاندا کە ژمارەی فەرمانبەرانیش بریتیە لە زیاد لە ٤ ملیۆن فەرمانبەر کە دەکاتە ڕێژەی ٢٠% دەستی کار، لەلایەکی تریشەوە د. احمد چەلەبی ئەندام پەڕلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەڕلەمان ڕایگەیاندوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا دەبێت عێراق ڕۆژانە بڕی دوو ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت بە نرخی ٤٥ دۆلاری ئەمریکی ئەو کات دەتوانێت کە موچەی فەرمانبەران دابین بکات کە ساڵانە دەگاتە ٥١ تریلیۆن دیناری عێراقیو مانگانەش ٢٥ر٤ تریلیۆن دینار دەکات..لەکاتێکدا کۆی نرخی نەوتی فرۆشراو بریتیە لە ٥٩ تریلیۆن دینار و کاتێک پارەی تێچوونی دەرھێنانی نەوت بریتیە لە ١٤ تریلیۆن دینار ئەوا پارەی ماوەی نەوتی فرۆشراو بریتی دەبێت تەنھا لە ٤٥ تریلیۆن دینار، کەواتە مانگانە عێراق بڕی ٥ تریلیۆن دینار دەچێتە ژێر قەرزەوە ئەمە لەکاتێکدا قەرزی کەڵەکەبووی سەر عێراق بریتیە لە ٤٠ تریلیۆن دینار.

عێراق لەکاتی بەرزی نرخی ١ بەرمیل نەوتدا توانی تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ بڕی ٣ر٧٦ ملیار دۆلار پاشکەوت بکات بەڵام بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بڕەکە دابەزی بۆ ٦٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی وەکو یەدەگی نەختینە لە بانکی ناوەندیدا پاشەکەوت بکات کە ئەم بڕە پارەیە بۆ ناو وناوبانگی دارایی عێراق لەسەر ئاستی دونیادا پاڵپشتێکی دارایی گەورەبوو.

بەڵام بەردەوام بوونی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٤٠ دۆلاری ئەمریکی، ئەوا بەدڵنیایی ئەم بڕەش بەرەو کەمبونەوەی زیاتر دەچێت و بەمەش عێراق وەکو دەوڵەت بەرەو مایەپووچ چوونی دارایی دەچێت ، ئەگەر بزانین کە بڕی کورتھێنانی بودجەی ساڵی ٢٠١٥ بریتیە لە ٢٥ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠١٦دا بریتی دەبێت لە ٢٣ تریلیۆن دینار کە سەرجەمی بودجەی ٢٠١٦ خەمڵێنراوە بە ١٠٦ تریلیۆن دیناری عێراقی. جا بۆ ھاوسەنگکردنەوەی ئابوری عێراق و کەمکردنەوەی زیانەکان پێویستە نرخی ١ بەرمیل نەوت ببێتەوە بە ٨١ دۆلار. کە ھەموو پێشبینیەکانیش بۆ ئەوە دەچن تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٦ نرخی نەوت ناگاتەوە ٧٠ دۆلاریش.بەمەش عێراق مانگانەوزە و ساڵانە زیانی گەورەی پێدەگات و ئابوریەکەشی بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت.

ئەوەتا وڵاتێکی گەورە و یەکەم بەرھەمھێنی نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپێک و دونیادا کە شانشینی سعودیەیە یەدەگی نەختینەی وەک باسیلێوەدەکرێت تەنھا بەشی ٥ ساڵ دەکات لەکاتێکدا کە نرخی ١ بەرمیل نەوت بریتیی بێت لە ٥٠ دۆلار.کە بڕی یەدەگی نەختینەکەی بریتیە لە ٧ر٧٤٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی و دەوڵەمەنترین یەدەگە، بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ئابوری سعودیە پێویستە نرخی ١ بەرمیل نەوت یەکسان بێت بە ١٠٦ دۆلار..بۆیە وڵاتە بەرھەمھێنە نەوتیەکانیش بەزیادەوە زیانیان پێدەگات لەبەرامبەر وڵاتانی بێ نەوتدا.

عێراق بەکوردستانیشەوە کە لە ئێستادا ناشتوانن موچەی مانگانەی فەرمانبەران بدەن لەکاتی خۆیدا ، گەر ئەم دابەزینی نرخی نەوتە بەردەوام بێت ئەوا دەبێت عێراق و ھەرێمی کوردستانیش چاو بە خەرجی و داھاتەکانیاندا بخشێننەوە و پەنا ببەنە بەر کۆمەڵێگ ڕێوشوێنی چاکسازی بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی سەرچاوە و بڕی داھاتەکانیان.گەر نا ئەوا عێراق بەکوردستانیشەوە ھەنگاو دەنێت بەرەو داڕمانی ئابوری و مایەپووچ بوونی دارایش.

• ئاشکرایە عێراق و کوردستان دووچاری کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و سەربازی بونەتەوە بەتایبەتیش ماوەی ٢ ساڵە لە جەنگێکی تاقەتپڕوکێندان دژی چەتەکان و تیرۆریستانی داعش کە بۆتە بارگرانیەکی گەورە لەئەستۆی دەوڵەتدا و خەرجیەکی مانگانەی گەورەی گەرەکە کە نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار دەبێت، لەپاڵ ئەمانەشدا داتەپینی ژێر خانی ئابوری و کێشەی ئاوارەکان کە ٥٢٧٠٠٠ خێزان و نزیکەی ٥ر٢ ملیۆن و کەس دەبن لەھەموو عێراقداو پشێوی باری ئەمنی وگەندەڵیش لەسەروو ھەمویانەوە بونەتە مووخۆرکەی لاشە و توانای ئابوری دەوڵەتی عێراق و ھەرێمیش.

کە گەر بەجدی و بە پلانێکی عاقڵانە و زانستیانە و نیەتێکی ڕاستگۆیانەو ورەیەکی پۆڵایینەوە ڕووبەڕوویان نەبنەوە ئەوا کارەساتی جەرگبڕتریشی لێدەکەوێتەوە و ئەوەی خەونمان پێوە دەبینی لە خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندبوون ئەوا ھەموو دەبنە بڵقی سەرئاو و بەدەیان ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێینەوە.