نەوتی کەرکوک چی لێدێت؟ چۆن دەفرۆشرێت؟ داھاتەکەی بۆ کێیە؟

عەلی حەمە ساڵح

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

نەوتی کەرکوک

یەکێک لە دۆسییە ئاڵۆزەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی نەوتی پارێزگای کەرکوکە، چەندین ناکۆکی لەسەر پرسی نەوتی کەرکوک لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا ھەیە.

کێشەکانیش بریتین لە بەڕێوەبردنی نەوتی کەرکوک، داھاتی نەوتەکە، میکانیزمی بەکارھێنانی داھات و پشکی پارێزگاکە، موچەو بودجەی پارێزگای کەرکوک.

ماوەی دوو مانگە، بە کۆکردنەوەی زانیاری، سەردانی مەیدانی، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەم لە نەوتی کەرکوک.

چەندین پرسیار لەلام گەڵاڵە بوو، نەوتی کەرکوک چەندە؟ کێ دەیفرۆشێت؟ چۆن دەفرۆشرێت و پارەکەی بۆ کێ و کوێ دەچێت؟

ھەردوو مانگی نۆ و دە(ئەیلول و تشرینی یەکەم) وەک نمونە وەرگیراوە، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ورد.

لە ئەنجامدا گەیشتمە وەڵامی پێویست بۆ پرسیارەکان.

پێش دەستپێکی شەڕی داعش، کۆمپانیای نەوتی باکور سەرپەرشتی پرۆسەی دەرھێنانی نەوتی کەرکوکی دەکرد، ئاستی بەرھەمی نەوت رۆژانە نزیک دەبوویەوە لە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل.

لەگەڵ ھاتنی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆ ناوچەکە و ئەنجامدانی شەڕو تیرۆر، پێنج کێڵگەی سەرەکی لەدەستی کۆمپانیای نەوتی باکوردا مانەوە، ئەوانیش: بابەگوڕگوڕ، جەمبور، خەباز، ئاڤاناو بای حەسەن.

ئاستی بەرھەمی رۆژانەیان بەم شێوەبوو

٩٧ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە بابەگوڕ گوڕ.

٤٢ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە جەمبور .

٢٦ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە خەباز.

بای حەسەن ١٧٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە

ئاڤان ٩٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە

کۆی گشتی: ٤٢٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە، دەکرێت تا ١٥ ھەزار بەرمیل کورتبکات.

پاش دەستپێکی شەڕی داعش و جێگیربوونی پێشمەرگە، لە بەرەبەیانێکدا لیوای یەکی نەوت و گاز(سەر بە پارتی دیموکراتن)، دەستیانگرت بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ئاڤاناو بای حەسەن، کەبەرھەمی رۆژانەی ھەردوو کێڵگە ئەوکات ٢٦٠ ھەزار بەرمیل بوو، ئیدارەی کێڵگەکانیش لە کۆمپانیای نەوتی باکور وەرگیرایەوەو خرایە ژێر دەستی کۆمپانیای کار، داھات و ئیدارەدانی ئەم دوو کێڵگە کەوتە دەست وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار.

لەو کاتە بەدواوە بەرێوەبردن و ئیدارەدانی نەوتی کەرکوک، بەشە زۆرەکەی کەوتە دەست کۆمپانیای کارو و بەشەکەی دیکەش کەوتە دەست کۆمپانیای نەوتی باکور، بەپێی گفتوگۆو بەداواداچونەکانی ئێمەو وتەی خۆیان نە پارێزگارو نە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ھیچ زانیارییەکیان لەسەر بەرھەمی ئەو کێڵگە نەوتییانەی ئاڤاناو بای حەسەن نییە، کە لەدەست کۆمپانیای کاردان، بەڵام شارەزایانی بواری نەوت لە کەرکوک، وتیان" پێش ھاتنی پۆلیسی نەوت و گاز و کۆمپانیای کار، ئاستی بەرھەمی رۆژانەی ئەو دوو کێڵگە ٢٦٠ ھەزار بەرمیلی بووە، ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ کەمبوونەوەی و ئەگەر وەبەرھێنانیشی تێدا کرابێت زیاتر بووە".

ئەم نەوتە زۆرە چی لێدێت؟

ئاستی بەرھەمی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە نێوان ٤١٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ ٤٢٥ ھەزار بەرمیلە.

ئەگەر مانگی نۆ و دەی ئەم ساڵ وەربگرین دەگەینە ئەنجام.

لە مانگی نۆدا، ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک چووتە بۆری ھەرێمی کوردستانەوە، ١٥٠ ھەزار بەرمیلی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کێڵگە نەوتییەکانی جەمبور بابەگوڕگوڕ و خەبازەوە دابینکراوە، ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی دیکە لە کێڵگەکانی ئاڤاناو بای حەسەنەوە دابینکراکراوە، کە کۆمپانیای کار سەرپەرشتی دەکاتء ئەو بەشەی دیکەشی بە تانکەر فرۆشراوە.

لەمانگی دەدا، تێکڕای ئەو نەوتەی کۆمپانیای نەوتی باکور رادەستی حکومەتی ھەرێمی کوردووە، رۆژانە ١٧٣ ھەزار بەرمیل بووە، تێکڕای ئەو نەوتەش لە کێلگەکانی ئاڤاناو بای حەسەنی کەرکوک وەرگیراوە ١٥٠ ھەزار بەرمیل بووە.

بەگشتی تەنیا ئەو نەوتەی پارێزگای کەرکوک کە لە دوومانگی رابردوودا بەبۆری ھەناردەکراوەو لە ھەر پێنج کێڵگە سەرەکییەکەی کەرکوک بەرھەمھاتووە ١٨ ملیۆن و ٦٩٠ ھەزار بەرمیل بووە، کە ٥٠% نەوتی ھەناردەکراو و فرۆشراوی حکومەتی ھەرێمە لە رێگای بۆریەوە، ئەگەر پاش تێچوونی حەقی گواستنەوەو خەزانکردن و دابەزاندنی نرخ بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەرمیلێک نەوت بە ٣٥ دۆلار ئەژمار بکرێت ئەوا داھاتەکەی دەکاتە ٦٥٤ ملیۆن دۆلار.

ئەمە جگە لە داھاتی ئەو نەوتەی دیکە کە لە ئاڤاناو بای حەسەن بەھەمدێتء بە تانکەر دەڕوات، چونکە پێش ھاتنی کۆمپانیای کار بۆ ئەو کێڵگانە ئاستی بەرھەمی کێڵگەکان ٢٦٠ ھەزار بەرمیل بووەو ئێستا تەنیا ١٥٠ ھەزاری بە بۆری دەڕوات.

ئەگەر ئەژماکردنی نەوتی کەرکوک بە گشتی(تانکەرو بۆری) و مانگانەش بیکەین:

ئەم ٤١٠ ھەزار بەرمیل نەوتە، نرخی یەک بەرمیلی بە ٣٥ دۆلار ئەژمارکرابێت، ئەوا پارەی وەدەستھاتووی مانگانە ٤٣٠ ملیۆن دۆلار دەکات.

لەم پارە زۆرە کە لە دوومانگی رابردوودا بەدواداچونمان بۆ کردو

بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش، یەک بەرمیل نەوتی کەرکوک نەدراوەتە حکومەتی عێراقی و کۆمپانیای سۆمۆ، یەک دۆلاریش بۆ پارێزگای کەرکوک خەرجنەکراوە، چونکە بە سەدان پرۆژەی کەرکوک لەبەر بێ پارەی وەستاوەو حکومەتی عێراقیش موچەی پارێزگاکە دابیندەکات نەک ھەرێکی کوردستان، ئەی کەواتە ئەم پارە کوا؟

 

٨٣٠ ملیۆن دۆلارەکەی کەرکوک کوا؟

ئەگەر ئەم پارەیە بۆ موچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان خەرجکرابێت، رەنگە کەمێک ئەھوەن تر بێت، بەڵام بۆ موچەش نەبووە، چونکە پێشتر وتمان داھاتی مانگانەی نەوتەکە ٤٣٠ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەوەی لە مانگی نۆدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داویەتییە وەزارەتی دارایی، وەک داھاتی نەوتی ھەموو کوردستان بۆ موچە تەنیا ٤٠٨ ملیۆن دۆلارە، کە پارەی ٣٤٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەبووە بۆ تێکڕای مانگەکە، ئەویش ھی کێڵگە نەوتییەکانی تەق تەق و خورمەڵەو و شێخان و تاوگێییە و کێڵگەکانی دیکەی سلێمانی و ھەولێرو دھۆکە، کە زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرھەمیانە نەک ٣٤٠ ھەزار بەرمیل!!!

مانگی نۆ وەک پێوەر وەربگرین ، لەلایەک ٢٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی دیکەی کوردستان جگە لە کەرکوک ناڕونەو لایەکیش ٤١٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک دیارنییە!!!

گرفتی حکومەتی ناوەند و ھەرێم..

ئێستا حکومەتی عێراق نەوتی کەرکوک بە ھی خۆی دەزانێتء بەھەرێمی کوردستان دەڵێت: ١٧% خەرجی عێراق پاش دەرھێنانی خەرجییە سەروەرییەکان وەربگرە بەمەرجێک ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکم بۆ رەوانە بکە لەگەڵ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان.

ئەگەر بودجەکە بە وردی بخوێندرێتەوە، ھەرێمی کوردستان لە باشترین حاڵدا ٥٥٠ ھەزار بەرمیلەکەش وەک خۆی رەوانە بکات ٦٥٠ ملیار دینار زیاتر وەرناگرێت، چونکە ١٧% پاش دەرھێنانی خەرجی سیادی و حاکیمەو دانەوەی قەرزەکانی عێراقە، ئەوەی ھەیە لە واقعدا ھەرێمی کوردستان ١١% فرۆشتنی نزیکەی ٣ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار بەرمیل وەردەگرێت کە ٧ ملیار دۆلار دەکات بۆ ھەر مانگێک نزیکەی ٦٥٠ ملیار دینار دەکات پشکی ھەرێم، بەمەش ھەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنیا موچەش دابین بکات، کە ٨١٦ ملیار دیناری پێویستە.

ئەو کات ھەرێمی کوردستان دیسانەوە خۆی سەربەخۆ نەوتی کەرکوک و ھەرێمی کوردستانیش دەفرۆشێت، بەمەش ناکۆکیییەکان قوڵتر دەبێتەوە بە تایبەت لەسەر نەوتی کەرکوک.

حکومەتی عێراق سێ بژاردە دەکەوێتە بەردەمی

یەکەم: رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی کەرکوک، پێموانییە بتوانێت ئەم رێگرییە بکات بەبێ رەزامەندی پارێزگاری کەرکوک.

دووەم: بڕینی بەشە بودجەی کەرکوک، ھەرچەندە بارگرانی لە سەر ھەرێمی کوردستان و کەرکوک دورستدەبێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە خزمەتی گەورە بە کورد دەکات، بۆیە حکومەتی عێراق ئەمەش ناکات.

سێییەم: پەنابردن بۆ دادگا، پێموایە ئەم رێگا دەگرێتەبەر.

 

ئێستا گرفتەکە ئەمەیە..

سەلماندمان مانگانە بایی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار نەوت لە کەرکوک بەرھەمدێت و ھیچ بڕێکی ئەم نەوتە ئێستا نادرێتە حکومەتی عێراق، یەک دۆلاریش بۆ کەرکوک و کەرکووکییەکان خەرجناکرێتء ئەم پارەش بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە، ئەی کەواتە بۆ کێ بووەو کێ بەرپرسە؟

پارێزگاری کەرکوک، ئەنجومەنی پارێزگاش، دەڵێن: چی دیکە قبوڵ ناکەین ئەم غەدرە لە کەرکوک و کەرکوکییەکان بکرێت.

ئایا بەم شێوەیە کەرکوک دەگەڕێنینەوە سەر ھەرێمی کوردستان، نەوتەکەیان ھەمووی ببەین و دینارێکیان پێ نەدەین؟