نەوت بۆ موچە یان خۆراک

د.محمد امین گەناوی

لەمیانەی گەمارۆ مێژویی و جیھانیەکەی سەر عێراق لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تا روخانی رژێمی بەعس کە (١٣) ساڵی خایاند بۆ یەکەم جار پێناسەی بەکارھێنانی نەوت(زێڕی رەش) بەشێوەیەکی سەرەکی کورت کرایەوە بۆ تەنھا یەک شت ئەمیش (نەوت بۆ خۆراک) واتە نابێت نەوت وەک کاڵایەکی دەگمەن و ستراتیجی بەکاربھێنرێ و مامەڵەی لەگەڵدل بکرێت لەمەش زیاتر ھەرنابێت وەکو چەکێک بەکاربێت وەکو لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ بەکارھات و بووە ھۆی قەیرانی وزەی جیھانی. مفھومی یان تێگەیشتنی (concept) نەوت بۆ خۆراک) لە راستیدا ئەوە بوو لە زەمینەی راستیدا کە گەلانی عێراق گەرانەوە بۆ کۆمەڵگای پێش پارە و شارستانی واتە گۆڕینەوەی کاڵا بەکاڵا وە ئەمیش تەنھا بە شێوەیەکی سەرەکی گۆرینەوەی نەوت بۆ خۆراک . خۆراکیش تەتھا بە بڕو جۆری دیاری کراو کە خەلک بۆی نیە بریار نە لە سەر بڕەکە وە نە لە سەر جۆرەکەی بدات واتە دروست ماملەی ئاژەلانە لە گەل انسانەکان کە ماملە تەنھا لە گەل بەشێکی لەشی بکرێ کە ورگە. ئیتر نەوت رەھەندەکانی و تێگەیشتنە فراوانەکەی ئابوری لەدەستدا و نەما کە بەکاربێ و ئاراستە بکرێ بۆ گەشەی بەشەکانی تری لەش کەسەرە واتە بەکاربێت بۆ گەشەو پەرەپێدانی لایەنەکانی فکری ، عەقڵی ، زانستی وە فەرھەنگی تاکەکانی ھاوڵاتیانی گەلانی عێراق تا بەمەش بتوانرێت کەرتەکانی تری ئابوری گەشە پێ بدرێ و لە ئەنجامدا پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک فەراھەم بکرێ . ئیتر ساڵانێکی درێژ تا روخانی بەعس بە داخەوە تا ئیستاش گەلانی عێراق ھەموو خەمیان لای تێرکردنی ورگ مایەوە و ھەموو کایەکانی ژیانی فکری و فەرھەنگی و عقڵی بەتەواوی فەرامۆش کرا وە ئەکرێ کەئەمەش کات ،خەبات ،دلسۆزی راستەقینە وە بەرنامەی تۆکمەی پێویستە تا کایەکانی ژیانی شارستانی و مەدەنی رەوتی سروشتی خۆی وەربگرێ. کاریگەریە سەرەکیەکانی سیاسەت و مەفھومی (نەوت بۆ خۆراک) بریتی بووە تا ئێستاش ھەر بریتیە لە نزم بونەوەی ئاستی فەرھەنگی،زانست ،عقلانیەت وە ھوشیاری لە گەڵ راوەستانی ھەموو گەشەیەکی ئابوری ،فکری وە کۆمەڵایەتی ،لەبری ئەمە واتە پێشکەوتن بەھەموو رەھەندەکانەوە بیری وە عقڵیەتی بەسەر چوو دوبارە لە ژینگەی وێرانی فکری و ئابوریدا سەری ھەڵدایەوەو بەخێرایی گەشەی کرد کە بەداخەوە تا ئێستاش نەک ھەر بەردەوامە بەڵکو بووەتە سلوک و بەھاو سستمی دەسەڵات و سیاسی وە بنەمای زۆری پەیوەدیەکانی خەڵک لە گەڵ جڤات. دوای روخانی بەعس دەسەڵاتدارانی ناشێ ،ناشایستە وە نا بەرپرسی عێراقی نەک ھەر نەیان توانی تیماری کاریگەریەکانی ستەمی بەعس و (نەوت بۆ خۆراک بکەن) بەڵکو ئەمجار وەکو سستم و سیاسەت برەوی زیاتریان بە کاریگەریە خراپەکانی (نەوت بۆ خۆراک) دا ھەر لە گەندەڵی و تاڵانی بێ رەحمانە کە ھەتا لەرژێمی پێشوو بەم ئاستەی ئێستا نەبوو تا ئەگاتە رەواج دانی بیری کۆنی تایفی ،مەزھەبی ،نەتەوەیی رەگەز پەرست وە حزبی میلیشیایی لەڕێگەی دەھا وە سەدان کەناڵی راگەیاندن لەسەر بودجە و قوتی ھاوڵاتیان.

ئەمەی پەیوەندی بەمامەڵەی بەناو حکومەتی ھەرێمەوە ھەیە لەگەڵ فایلی نەوت، وەک ئێستا دەبینیرێت ھەموو مامڵەو ئامانجێکی سیاسەتی نەوتی ھەرێم پاش تالانی و گەندەلی تیا یا کورت کراوەتەوە بۆ مفھومی (نەوت بۆ موچە) بەڵگەش بۆ ئەمە بەڵێن پێدانی ھەر موچەیەکی فەرمانبەران دەبەسترێتەوە بە پارەی نەوت ئەگەر بێت یان نایەت ھەر بۆیە ھەر ٤ مانگ جارێک ئە میش ئەگەر پارەی نەوت ھات موچە دەدرێت.

لەرووی ماناوە (نەوت بۆ موچە) ھەمان (نەوت بۆ خۆراکە) واتە لە ھەردوو حالەتا نزم کردنەوەی ئاستی بەھاو ھۆش و ھەستی انسانە بۆ ئاستی تەنھا پێویستی فسێۆلۆجی کە لە تێر کردنی گەددەدا بەرجەستە ئەبێ وەک ئاژەڵ بەلام لەرووی کرداریەوە /عملیەوە (practice) ھەتا نەوت بۆ خۆراک باشتر و ئاسانتر بوو چونکە ھەموو مانگێک ھاوڵاتیان لەکاتی خۆیدا ئەندازەی دیاری کراو بەشی خۆیان وەردەگرت بۆ پڕکردنی ورگ بەڵام ئێستا نەوتەکە بۆ موچەیە موچەکەش کاتی دیاری کراوی نیە بۆیە لە رووی دەرونیەوە بەجارێک ھاوڵاتیانی پەشێو کردوە کە زۆر خراپترە لە حاڵەتی نەوت بۆ خۆراک.

بەردەوامی و نەگۆرانی حاڵەتی نەوت بۆ موچە دەبێتە ھەرەشە لەسەر ھەموو کایەکانی کۆمەڵگا ووڵات وە وردە وردە دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە لە بنەمادا بۆ خۆیان لەق و شڕن بەرەو ھەڵوەشانەوە ناکارابونی تەواو ئەبات، ئەو کات دەشێ خەڵک خۆزگە بخوازێ کە لەبری نەوت چش لە مووچە تەنھا خۆاکیان پێ بدرێت و لە برسا نەمرن . ئەنجامی ئەم حاڵەی مامەڵەکردنە بە نەوت ئەگەر بەردەوام بێ سەرکەوتن دەبێ بۆ ھەموو ناحەزانی کوردستان و شکستێکی مێژووی دەبێت بۆ ھەموو گەل و وڵات و ھەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگای کوردی کەجگە لەوەی بۆ ئیستا زۆر بە ئەستەمی قەرەبوو ئە بێتەوە لە ھەمان کاتا ھەرەشەشە لە سەر ژیان و ئایندەی نەوەکانی داھاتوو.

تا خەلک لە رێگەی دەمەزراوە نیشتیمانیەکانەوە خاوەن داریەتی نەوت نەکات و بەشداری راستەقینەو چالاکی بریاری سیاسی نەکا تاڵانی و بە فیرۆدانی سامانی نەوت ھەروا بەردەوام ئەبێ یا لە باشترین حالەتا وەک خێرو بەزەیی بە کار دێ بۆ مووچە یان خۆراک کە لە سەرەوە با سمان کرد کە ئەمە انسان بۆ ئاستی چ بوونەوەرئ نزم ئەکاتەوە.