خۆشەویستی لە نێوان جاران و ئێستادا

پشتیوان ڕزگار پیرۆمەری

خۆشەویستی ئەو ھەستە بەھێزەیە کە لەناخی کەسێک دا دروست دەبێت کە بەھۆیەوە وادەکات کەسی بەرامبەری خۆش بوێت و لەگەڵ یەکتریدا ببن بە ئەویندار و ھاودۆستی یەکتری.خۆشەویستیش غەریزەیەکە ھەر لەگەڵ دروست بوونی ساتە وەختی مرۆڤدا ئەو غەیزەیەشی لەناخدا خوڵقێنراوە بەجۆرێ کە ھیچ مرۆڤێ ناتوانێ بەبێ خۆشەویستی درێژە بەژیان بدات,چونکە ھەر خۆشەویستیە کە وادەکات مرۆڤ حەزی بەردەوامی ژیانی ھەبێت و ژیانی لا خۆشەویست بێت.

خۆشەویستیش لە دێر زەمانەوە بوونی ھەبووە و بەردەوامە,بەڵام ئەو خۆشەویستیەی جاران بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا دونیایەک گۆڕان کاری بەخۆوە بینیوە چونکە لەئێستادا تەکنەلۆجیا بەرھەم ھێنی خۆشەویستیە بەڵام جاران دڵەکان بەرھەم ھێنەری خۆشەویستی بوون.

جاران خۆشەویستی لە دڵەوە ھەڵ ئەقوڵا و لەنیەتێکی پاکەوە دەستی پێ دەکرد تا دەگەیشت بە ڕاددەی قوربانیدانی لایەنەکان لەپێناو یەکتریدا کەچی ئێستا خۆشەویستی لەحەزەوە سەرچاوە دەگرێت و بەردەوام دەبێت تا دوا ساتی چێژ لەیەکتری بینین ,واتە ئەکرێ بڵێن خۆشەویستی لەئێستادا ئەو سیما و جوانیەی جارانی لەدەست داوە چونکە خۆشەویستی بۆتە حەزێکی کاتی و کات بەسەر بردن بەجۆرێ ھەریەک لە لایەنەکان تا ئەو جێگایە یەکتریان لا خۆشەویستە کە لە ژوانێکدا دەگەن بەیەکتری و چێژ لەیەکتری دەبینن ئیتر دوای ژوانەکە خۆشەویستیەکەیان بەرە و کۆتا دەچێت وەک بڵێ یەکتریان نەناسی بێ,دڵەکانیش بوونەتە تۆپێک ھەر جارە و یاریزانێک یاری پێ دەکات.

تا دەشھێت خۆشەویستی لە نێو دڵەکاندا بەرە و کاڵ بوونەوە ئەچێت و وەک وەسیلەیەکی پڕکردنەوەی بۆشایی تەنیایی پەنای بۆ دەبردرێت ھەرئەمەشە بێ متمانەیی و شەڕانگێزی لەسینەی مرۆڤدا ئەخوڵقێنێت چونکە کاتێک دڵەکان بێ بەش و خاڵی بوون لە خۆشەویستی ئیتر ئەوکاتە دڵ رەِق و بێ بەزەیی جیگای خۆی ئەکاتە لەنێو دڵی مرۆڤدا و مرۆڤێکی شەڕانگێز بەرھەم دێت.