تێروانینی سووک بەرامبەر ئافرەت لە فەرهەنگی سووك سەرچاوە دەگرێت

محەمەد هەریری

من لە دەیان ڤیدیۆدا سوکایەتیکردنی ئەو دختۆر عبدالواحیدەم بەرگوێ کەوتووە دژی ئافرەت، بەڵام من نازانم ئەو پارجە ڤیدیۆیانە بکرتێنم وەك پارچە نوسین، ئەوەی ئەو ڤیدیۆیە هاوپێچەی بەرهەم هێناوە دەستی خۆش بێت، بەڵام زۆر زۆرتری ماوە لە سوکایەتیەکانی بۆ ئەوەی بخرێنە سەر ئەو ڤیدیۆیە. گوێی بۆ بگرە بزانە چۆن بە ئافرەت دەڵێت بەلەبەرکردنی جل وبەرگێك سووك و سەلیم دەبیت!

ببینە چۆن خەون بە ژنانی سەردەمی [سێ جار بیست و دە] ی نەخوێندەوار دەبینێت، کە لە شەرمی پیاو نەوێرن ئاویش بە ئاشکرا بخۆنەوە! چونکە لای ئەو دکتۆرە بلیمەتە، لە بنەڕەتدا ئافرەت بۆ ئەوە نەکراوە پێ بنیتە دەرەوە، و دەڵێت تۆ بۆ دەروە نەکراویت، یانی دەبێت هەموو ژیانی لەناو قەبری ماڵە باوک و ماڵە مێرد بەسەر ببات!

ئەو ژنەی وانەبێت ئەوە جاهیلە، زاراوەی جاهیل ئیسلامیەکان بۆ هەموو موسڵمانێکی غەیری ئیسلامی بەکاری دەهێنن لە نێوان خۆیاندا، کە بەرامبەری زاراوەی موسڵمانە، دەڵێن فلان موسڵمانە؟ دەڵێت: نا جاهیلە! یان بەڵێ موسڵمانە!

بۆ کچ و ژنی سفوریش بەکاری دەهێنن، هەر ئافرەتێك بەس سەرپۆشی نەبوو ئەوە جاهیلە لە تێڕوانینی ئەو عەقڵیەتە بەدەویەی عەرەبی، ئینجا با مەدام کۆری یش بیت!

ئەو دکتۆرە بلیمەتە لە ڕووی دەروونیە لەوە دەچێت هێشتا ئارەزووی ئافرەتکردنی نەشکا بێت بە چوار یان سێ ژن علی اصح الروایات! دەڵێت دەچیە بازاڕ چاوت بە ئافرەتی سفور و جوان و وروژێنەر دەکەوێت: منیش ئافرەتێکم بەستۆتەوە لە ماڵەوە کە دەچمەوە گیانی هەمووی بۆنی چەوری و مەتبەخی لێ دێت؟!

ببینە چۆن دەڵێت منیش ئافرەتێکم بەستۆتەوە، وەك چۆن ناقەیەك یان بزنێك دەبەستیتەوە لە ماڵەوە! ئەو گوزارش لەو ڕیزە ساختەیە دەکات بۆ ئافرەت، کە ئیسلامیەکان شەو و ڕۆژ بەسەری دا هەڵدەڵێن!

ببینە ئەو هاڤدژیەی؟! لەلایەك ئافرەت بۆ دەرەوە دروست نەکراوە، کە لە مالەوەش بوو دەبێت تەنها خەریکی چێشت و خاوێنکردنەوە بێت، هێشتا سەرکۆنەی بکەیت چونکە بۆنی مەتبەخی لێ دێت! باشە تۆ دەتەوێ لە ماڵەوە دانیشێت دکتۆرا بخوێنێت؟!

ئەوە تۆی ئەو ڕۆڵەت بۆ دیاری کردوە، و پێت ناخۆشە بێتە دەرەوە و بخوێنێت و چاوی بکرێتەوە، نەوەك لێت یاخی بێت بەپێی دەستوری کۆنی دێرینی باوکسالاری، کە هەردەم بە چاوی پڕ گومان و پارەنۆیدی دەڕواننە ڕەگەزی مێ!

سوکایەتی ئەو پیاوە بەڕادەیەك دەگات دەیەوێت گوایە نوکتەی خۆش بکات نازانیت چۆن هەزاران ئافرەت زامدار دەکات، و دەلێت ئافرەتێك لە مامۆستایەك، مەبەستی مەلایەك دەپرسیت شەو دەخەوم عەیبم نییە بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستم دەموچاوم تەڕە! دیارە ئافرەت دەبیت پرسیاری پزیشکیش لە مەلا بکات؟! ئینجا لە وەڵامدا دەڵێت: بۆی مەگەڕێ ئەوە پیاوەکەتە کە لە ئینتەرنێت ئافرەتێکی جوان دەبینێت و بەراوردی دەکات لەگەڵ تۆ تفت لێ دەکات! ببینە نوکتەی وا سووکت گوێ لێبوە لە بـــــــانگخوازێکی بە حیساب دینی؟! ئەو بلیمەتە لە جیاتی بڵێت پیاوان، بە کارەکتەرەکانی ئینتەرنیت فریو مەخۆن کە بە هەزار مکیاژ و نەشتەرگەری جوانکاری و فێڵی کامیرا وا دەردەکەون، و کەسایەتی واقیعی نین! کەچی بە پێچەوانەوە کێشەکە دەوروژێنێت زیاتر، چونکە هەر ژن لە واقیعدا جیایە لە ئینتەرنێت! باشە ئەو بلیمەتە لە خۆی ناپرسێت، بێگومان ناپرسێت چونکە لای ئەو ژن دەبێت شەرم لە ئاو خواردنەوەش بکات لە پێش پیاو! ئەگەر ئافرەتێك ئەو هەموو پیاوە مۆدڵ و جوانانەی ئینتەرنێت بە ماسولکە و لەش ولاری وەرزشوان و قەد و باڵای بەرز و چاوی شین و سەوز و جوان دەبینێت، ناکرێت هەر بۆ نوکتە بیر لەوە بکاتەوە پیاوەکەی لە پەنجەرە فڕێ داتە خوارەوە؟!

ئەوەی ژن وپیاو دەبەستێتەوە زۆر لەوە گەورەترە وەك پیاوی مناڵ سیفەت، کە ژنێکی تری کەمێك جوانترت دیت حەز بکەیت وەك ئەو منداڵە لەعابەکەت بگۆڕیتەوە! یان ئافرەت هەر ڕۆژەی بەدوای پیاوێك بکەوێت چونکە لە مێردەکەی جوانتر و لەرتر و ڕەندترە!

ئەوەش تەنها بە خۆشەویستی و متمانەی دوو سەرە دروست دەبێت، نەك بەو نوکتە بێ تام و پڕ لە سوکایەتیانە بە ئافرەت.

بەداخەوە زۆر لە ئیسلامیەکان نمونەیەکی زۆر خراپیان پێشکەش کردوە لە بواری ڕەفتارکردن لەگەڵ ئافرەت وەك قەوارەیەکی مرۆیی ڕێزدار و خاوەن ماف، بەڕاستی زۆر فەشەلیان هێناوە لە ڕاگرتنی ڕێز و قەدر و هەستی ئادەمیانەی ئافرەت، ڕێزی ئەو ئیسلامیانە بۆ ئافرەت وەك ڕێز و حورمەتی ئەو مەلایەیە کە پاش ئەوەی جوێن بارانت دەکات، لە کۆتاییدا دەڵێت: لەگەڵ ڕێز و حورمەتما.

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/watch?v=Uj26BCoO5Cg