نەخۆشی سێ ڕۆژە Three day sickness

د.ناجح گوڵپی/پزیشکی ڤێترنەری راوێژکاری

( Bovine Ephemeral Fever (BEF ) تای کاتی

نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە توشی گا و گامنێش (مانگای شیردەر و نەوەنی پەڕین ) دەبێت ،بەشیوەیەکی ئاسایی ئاژەلەکە بۆ ماوەی جەند ڕۆژێک نەخۆش دەکەوی پاشان چاک دەبێتەوە,ئەم نەخۆشیە لە کوردستان هەیەو بە (تای سێ ڕۆژە ) ناسراوە ساڵانە سەرهەڵئەداتەوە،لەبەهارو هاویندا ،لەو نەخۆشیانەیە کە بەهۆی مێشولەو مەگەزی ترەووە بلاو دەبێتەوە ( arthropod vector-borne disease )، بەفارسی پێ دەوترێ (تب سە ڕوزە گاوی)، بەعەرەبی (حمی ثلاثە ایام) یان (حمی الموقتە)

نیشانەکانی :

1. بەرزبونەووەی کتوپڕی پلەی گەرمی لەش (تا،یاو) دەگاتە 41-42 پلە ، دوای 36 کاتژمێر یان زیاتر پلەی گەرمی دەگەڕێەوە باری ئاسایی واتە 38 پلەی سەدەی.

2. دابەزینی کتوپڕ و خێرای (کەم بونەوەی ) بەرهەمهێنانی شیر لەمانگادا.

3. مانگای ئاوس لە قۆناخی پێشکەوتودا بەردەخات( دواقۆناغی ئاوسی )،بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشە وە (یاوfever ) سەرەرای کاریگەری ڤایرۆسەکە.

4. ئاڵف و ئاو ناخوات و توانای جوڵەی نامێنێ ) depressed )، هەروەها توشی قەبز ی دەبێت (constipation )

5. هاتنە خوارەووەی لیک بەدەمدا، ئاوی لوت دێتەخواروە بەشێوەی درێژ بۆ خوارەوە،هەندێ جاریش (فرمێسک ) ئاو بەچاویدا دێتە خوار

6. ئاژەلێ نەخۆش ،توشی لەرزین، گیانی توند و رەق دەبێت و توانای جولەی کەم دەبێتەوە و لەڕۆژی دووەمەوە شەل دەرئەکەوێ،جومگەکانی قاچی دەئاوسێن،هەندێ جار کاکیلەشی دەئاوسێ، دەوروبەری چاوی دەئاوسێ ،هەندێ لە ئاژەلەکان بەتایبەت ئەوانەی قەبارەیان گەورەیە دەکەون و توانای هەڵسانەوەیان نیە،توشی کەمی کالسیۆم دەبن.

7. لە دوای سێ ڕۆژەوە ،ئاژەلەکە هەڵدەستێتەوە دەس دەکات بەخواردن واتە باش دەبێتەوە،هەرچەند تا دوای جەند رۆژێکی تر(2-3 ) بێ هیزو لاواز وشەل دیارە.

8. زۆربەی حالەتەکانی نەخۆشیەکە لەماوەیکی کورت چاک دەبنەوە، سەرباری هەندێ حالەتی جیاواز کە لەماوەی 24 کاتژمێر چاک دەبنەوە و هەندێکیش بۆ ماوەی جەند هەفتەیەک درێژە دەکێشێت، گوێرکەی خوار تەمەن 12 مانگ زۆر بەهێواشی دەیگرێت

9. بەرهەمی شیر لەمانگادا دێتە خوارەوە بۆ زیاترلە ٪50 نیوە ،،بەتایبەت ئەو مانگایەنی کە بەرهەمی شیریان زۆرە، دوای چاک بونەوە ، سێ هەفەت دەخایەنێ تا بەرهەمی شیر دەگەرێتەوە باری ئاسایی

10. گا (نەوەن) و مانگای قەلەو ،کاریگەری نەخۆشیەکەیان زیاتر لەسەر دەرئەکەوێ ، و درەنگیش دەگەرێنەوە باری ئاسایی ،هەندێ گای نێر توشی نەزۆکی دەبن، کە ماوەی (3-6 ) مانگ دەخایەنێ ئینجا باش دەبنەوە، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمیەوە، نەزۆکی هەمیشەیی ڕونادات،بەلام ئەگەریشی هەیە.

11. هەندێ جار ئاژەڵی توش بوو توشی شەلەل دەبێت بەهۆ کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر دڕکە مۆخ

12. مڕدار بونەوەی هەندێ ئاژەڵ کە بەتوندی توشی نەخۆشیەکە بوون . لە ٪1 تێپەرناکات.

 

هۆکاری نەخۆشیەکە:

هۆکاری ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسی Ephemero virus لە خێزانی رابدۆ (rhabdo viridae ) ،ئەم ڤایرۆسە هەستیارە لە PH ژێر 5 و سەروی 10 ،واتە بەرگە ناگرێ و دەمرێ.

تائیستا هیچ بەڵگەیەک نیە کە مرۆڤ توشی ئەم ڤایرۆسە یان نەخۆشییە ببێت.

چۆنیەتی بلاو بونەوەی نەخۆشیەکە:

نەخۆشیەکە بەهۆی جۆرەها مێشولەو مەگەزو مێروی بگەز وە دەگوازرێتەوە، لەئاژەڵی نەخۆشەوە بۆ ساغەکان،کاتێ دەنیشێ بە لیک و چڵم ویان خوێن دەمژێ ..هتد هەروەها وەک هەموو نەخۆشیەکانی تر لەڕێگای بەریەک کەوتن و تێکەلاوبونی ئاژەڵی ساغ لەگەڵ نەخۆشدا، کەشوهەوا کاریگەری هەیە بۆ سەرهەڵدان و بلاو بونەوەی نەخۆشیەکە بەتایبەت ئەو وەرزانەی کە مێشولەو مێروەکان زۆرن ( بەهارو هاوین)، بۆیە رودانی نەخۆشیەکەش کاتێکی دیاری کراوی نیە. لەڕێگای تاقیگەوە مانگا توش دەبێ،واتە خوێنی مانگایەکی نەخۆش بکرێتە ناو مانگایەکی ساغەوە.

مێژووی ڕودانی نەخۆشیەکە Epidemiology :

پێش ساڵی 1975 لە باکورو باشوری ڕۆژئاوا ی ولاتی ئوسترالیا چەندین جار تۆمار کراوە وەک نەخۆشیەکەی وەبایی و بومی، کە بەشیوەیەکی بەربلاو مانگای توشی نەخۆشی کردوە لەماوەی نیوان (10-15 ) ساڵدا چەندین جار کەوتنەوەی نەخۆشیەکە ڕووی داوە،نەیان زانیوە چ نەخۆشیەکە.

ئیستا ئەم نەخۆشیە لەئوسترالیا هەروەها لە ئەفریکا ،ڕۆژهەلاتی ناوەراست،ئاسیا بونی هەیە

کاتی ڕوودانی نەخۆشیەکە لە هەرێمی کوردستان ،تا ئیستا کە خۆم ئادگاداربم ،لەسەرەتای بەهاردا بینیومە،واتە لەمانگی ئازارو نیسان،،هەروەها دواتر تا دەگاتە مانگەکانی هاوین،،، ئیستا کە مانگی هەشتە ،ئەم نەخۆشیە هەمدیسان سەری هەڵداوەتەوە جەندین حالەت تۆمار کراوە.

بۆیە دەتوانین بڵێن کاتی رودانی نەخۆشیەکە جیاوازە و لە زۆربەی وەرزەکانی سالدا بۆی هەیە سەرهەڵبدا، بەتایبەت لە دوای باران بارین و گەرما ، واتە هەتا مانگی دە،،(بەهارو ،هاوین ،پایزیش) لەم وەرزانەدا مێشو مەگەزو مێروەکان چالاکن لە کوردستان.

ڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە بەشیوەیەکی گشتی لە ناوچە خولگەی کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەیی هەیە (tropical & subtropical regions)

دەس نیشان کردنی نەخۆشیەکە diagnosis :

بۆ دەس نیشان و ناسینی نەخۆشیەکە لەکاتیکدا کە مانگای نەخۆش ڤاکسین نەکرابێ و یەکەمجاریش بێ توشی نەخۆشیەکە بوبێ،پشت دەبەستین بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە، بەلام لەکاتیکدا کەپێشتر کوتان و بەرگری کرابێ بۆ ئاژەلەکان ،ئەوا لەم کاتەدا سەرباری نیشانەکان پیوستمان بە یارمەتی تاقیگە هەیە ،ئەویش دەبێ دوو جار خوێن وەربگرین لەئاژەڵی نەخۆش،،یەکەمجار لە سەرەتای دەس پێ کردنی نەخۆشیەوە ،داواتر دوای سێ هەفەت لە باش بونەوەی نەخۆشەکە،لەم کاتەدا وەلامدانەوەی ئەنتی بۆدی بۆ نەخۆشی سێ ڕۆژە لە ئەزمونی دوەمجاراد زۆر بەرزترە لەیەکەم، و بەوشیووە بۆمان دەرئەکەوێ کە ئاژەلەکە توشی نەخۆشی سێ ڕۆژە بوە. بۆ ناسینەوەی ڤایرۆسەکە ئەم ئەزمونانە بەکار دێنین لە تاقیگەدا (immunofluorescence and immunostaining )،ڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە لە ناو خوێنێ مانگای چاکەوەبوو دا نامێنێ،پاش توش بونی بەنەخۆشیەکە.

هەروەها ئەزمونەکانی PCR و ELISA بەکار دەهێنین بۆ دەسنیسان کردنی نەخۆشیەکە.

چارەسەر Treatment :

چارەسەری دەرمانی بۆ گایەک ، (گاگەل) ێک یان گاوداریەکی بێ بەرهەم ( واتە بەرهەمی شیرو زاوزێان نەبێ ) پێوست نیە ، بەلام چارەسەر و کۆمەکی دەرمانی زۆر پیوستە بۆ (مانگای شیردەرو گای پەڕین)، لەم کاتەدا سەرباری چارەسەری دەرمانی دەبێت ئاوی پاک خواردنی تەواو بدرێ بەئاژەڵەکان ،وە نابێ لە بەرخۆر و شوێنی گەرمدا دابنێرین، دەبێت ببرێنە شوێنێکی پاکو فێنک.

هەر ئاژەڵێک کە پاڵ دەکەوێت و ناتوانێ هەڵسێتەوە بەهۆی نەخۆشیەکەوە بەتایبەت مانگای شیر و گا ی پەڕین پێوست دەکات ڕۆژانە جەندین جار ئەمدیو و ئەودیوی بکەین و هەڵی گێڕینەوە تاکو سوڕی خۆێن ئازاد بێت و کاریگەری نەبێت لەسەر ماسولکەکان کە دکەوێت بەسەریدا،هاوکات دەرمانی پێوست بکرێت،بەتایبەت لەم کاتەدا کالسیۆم زۆر پێوستە بدرێ بەو ئاژەلانەی کە پال دەکەون و توانای هەستانەوەیان نیە. هاوکات دەرمانی دژە ژیان (antibiotic ) زۆر پێوستە تا ڕیگری بکرێ لە توشبونی بەنەخۆشی تری لاوەکی.

هەروەها بەکار هێنانی دەرمانی دژە هەوکردنی نامیکرۆبی (Anti-inflammatory drugs) زۆر پێوستە بۆ یارمەتی دانی ئاژەڵی کەوتوو تا هەستێتەوە،

نەخۆشی سێڕۆژە کاریگەری دەبێت لەسەر کرداری قوت دانی خواردن،بۆیە نابێت لەکاتی چارەسەردا ، بەزۆر و بەپەلە دەرمان دەرخواردی ئاژەڵی توش بوو بدەین، نەوەک بپەرێتە بۆری هەوای ئاژەلەکەوە ،و ببێتە هۆی خنکان یان هەوکردنی سیەکان.

بەرگری Immunity :

هەر ئاژەلێک (مانگا،گامێش) کە توشی نەخۆشیەکە بوو و دواتر چاک بویەوە ،ئیتر لەشی بەرگری پەیدا دەکات بۆ ماوەی جەند سالێک توشی ئەم نەخۆشیە نابێتەوە،هەندێکیان بەدرێژی ژیان بەرگری دروست دەکەن ، هەندێ مانگای بەتەمەن دوای چەند سالێک توشی نەخۆشیەکە دەبنەوە .

بۆ ڕیگری (prevention ) لە کەوتنەوە و ڕووودانی نەخۆشیە کە ڤاکسینی (زیندووLive + نازیندوInactivate ) بەکار دەهێنرێت لە زۆربەی ولاتانی جیهاندا،تائێستا ئەم ڤاکسینە لە کوردستان بەکار نەهێنراوە و نرخیشی زۆر گرانە:

ڤاکسینی زیندوو live vaccine : ئەم ڤاکسینە بەستوو وشکە و دەبێت هەمیشە بەو جۆرە بێت ،تا ئەو کاتەی کە دەگیرێتەوە و لەناو ئاوی تایبەتی خۆی دەتوێنرێتەوە و خێرا بەکار دەهێنرێ.،لەروی ئابوریەوە گرانە و بەرگری باش ئەدات.

ڤاکسینی نازیندو(ناچالاک inactivated vaccine ) یان killed vaccine : ئەم جۆرەیان لەڤاکسین بەسارد کراوەیی هەڵ دەگیرێ لە ناو ساردکەروەدا،نرخی هەرزانترە ،بەکار هێنانی ئاسانترە ،بەرگری کەمتر ئەدات لە چاو ڤاکسینی زیندودا.

*لەتەمەنی 6 مانگیدا یەکەم ڤاکسین بۆ گوێرەکە دەکرێت،ئینجا دوای 2-4 هەفتە بۆی دوبارە دەکرێتەوە، هەروەها ڤاکسینی چالاک کەروەی ساڵانە ئەنجام ئەدرێ دومانگ پێش هاتنی وەرزی کەوتنەوەی نەخۆشیەکە.

**لە ژاپۆن ڤاکسینی نا زیندوو بەرهەم هاتوە لەولاتی ئیران بەکار دەهێنرێ ،بڕی 3 مل ئەدرێ لە مانگا ، بەرنامەی ڤاکسین و کوتانی بەم شێوەیە:( کوتانی سەرەتایی و ساڵانە ) گوێرەکەی لەدایک بوو لە دایکێکی ڤاکسینکراو لە تەمەنی شەش مانگی دەبێت،دواتر داوی 3-4 هەفتە دوبارە دەکرێتەوە ،ئینجا ساڵانە کوتان دەکرێ.

نابێ ئاژەڵی نەخۆش بکوترێت، دەبێت ئاژەڵی تەندروست بکوترێ ،هەروەها هەموو ڕێکاری زانستی بگیرێتە بەر بۆ هەڵگرتن و پاراستنی ڤاکسینەکە ،بەهەمان شێوە لەکاتی بەکار هێناندا، ئاژەڵی کوتراو دوای چوار هەفتە بەرگری تەوا لە لەشیدا دروست دەبێت،لەکاتیکدا زۆربەی ڤاکسینەکان دوای سێ هەفتە بەرگری تەواو ئەدەن بەلەش.

هەروەها کۆنترۆڵ کردنی هاتوچۆی ئاژەڵ زۆر گرنگە ،ڕێگە بگیرێت لە جولەی ئاژەڵی نەخۆش لە شوێنی توش بوو بۆ شوێنە پاکژەکان، و بەپێچەوانەوە. لەگەڵ قەلاچۆ کردنی هەموو جۆرەکانی مێشو مەگەز کە هۆکارن بۆ گواستنەوەی نەخۆشیەکە.

جیاکردنەوەی نەخۆشیەکە :

ئەم نەخۆشیە زۆر لە نەخۆشی تەبەق FMD دەچێت ،بەلام زۆر بەئاسانی دەتوانین لەیەکیان جیا بکەینەوە بەهۆ نیشانەکانیەوە