موسەنەک: ئەوگیا ژەهراویەی دەبێتە هۆی مرداربوونەوەی ئاژەڵ

موسەنەک (xanthium strumarium ) یان هەشەگیرە cocklebur

دکتۆر ناجح گوڵپی: پزیشکی ڤێترنەری راوێژکار

بەفارسی پێ دەوترێ ( توق،زەردینە) بەعەرەبی ( العشب الخشن)

گیای موسەنەک لەو گیا ژەهراواینەیە کە ئاژەڵ بیخوات دەبێتە هۆی مڕدار بونەوەی بەهۆی بونی مادەی کاربۆکسی تراکتیلۆساید ( carboxyatractyloside) لە ناو گەلا و لاسک و بەرەکەیدا، کە جۆرێکە لە گلایکۆسیدە ژەهراویەکان.

موسەنەک گیایەکی خۆرسکە زۆر ئازایە لە قەراخ جادەو سەر زبڵدان و لە دەشتایی و زەویە باهیرەکان دەڕوێ، وەک گیایەکی بژاری لەناو مەزراکاندا دەبینرێ،زۆر حەزی لە ئاوە،هەمیشە لەشوێنێک سەوز دەبێت کەئاوی لێ بی،بەتایبەت نزیک قەراخی جۆگەکان، دەشتی شارەزوور و دەوروبەری دەریاجەی سیراوان پڕیەتی لەم گیا( ئەو زەویانەی دەبن بەژێر دەریا و ئاوەوە دواتر ئاو بەجێیان دەهێلێ ) ،نزیکەی 50-120 سم بەرز دەبێتەوە و پەلو پۆی زۆر دەهاوێ بەم لاو بەولادا زیاتر لەمەترێکیش بە باری پانیدا گەلاو لاسکەکانی بلاو دەبێتەوە. گەلاکانی لەشیوەی سێ گۆشەیی و خڕ و گۆشە دارن ڕەنگیان سەوزە، زبرن ،هەندی جار ڕەگێکی سپی وەک تالە دەزوو لەناو گەلاکاندا دەر ئەکەوی.

موسەنەک گوڵ دەکات و ئەندامی نێرەو مێەی هەیە،دەیکات بە بەر ووەختێ کە ڕۆژگار کورت بێتەوە بەتایبەت لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پایزدا،حەزی لە کەشو هەوای گەرمە .

ئەم گیا تەمەنی یەکسالەیە لەبەهارو هاویندا سەوز دەبێ و لەپایزد بەر دەگرێ ، دو شێوە بەر دەگرێ، هەیانە بە تاک تاک بەر دەگری و هەیانە بەشێوەی کۆمەڵ هێشویی، بەرەکەی نزیکەی ( 2 سم ) دەبێ ،شیوەی درێژکۆلە و خڕە، بەری ئەم گیا لە ڕووی دەرەوە داپۆشراوە بە بەرگێکی دڕکاوی تیژو ڕەق، لەناوەوە دو دەنک تۆوی تیدایە ڕەنگی قاوەیی مەیلەورەشە ، بەهۆی ئەم تۆوەوە گیاکە زۆر دەبێت و لە شوێنی تر سەوزز دەبێ، بەهۆی باوە دەگوازرێتەوە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، هەروەها بەهۆ دڕکەکانیەوە دەنوسێ بەجلو بەرگی مرۆڤەوە و یان شتی ترەوە و دەگوازرێتەوە، لە هەردوکیان گرنگتر بەهۆ نوسانی بە خوری مەڕ و مووی بزنەوە ،دەگوازرێتەوە، بەتایبەت لەوەرزی پایزدا خوری مەڕەکان پڕ دەبێت لە موسەنەک کاتێ دەرۆنە شوێنێک موسەنەکی لێ بێت و دڕکەکە دەنوسێ بەخوریەکەوە و دواتر زۆر بە گرانی لە خوریەکە دەبێتەوە و دەستی خاوەنەکی بریندار دەکات، تۆوەکە سەرەتا سەوزە پاش ئەوەی پێ دەگات رەنگی دەپەرێ و دەورێ ،یان لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە.

ئەم گیا بومی ڕۆژئاوای کەرتی ئاسیا و کەرتی ئەمریکا،( لە کوردستان بەتایبەت لە دەشتی شارەزوو زۆر زەبەند)، نزیکەی 200 جۆر لەم گیا هەیە لە رەگەزو خیزان و بنەمالەکانیدا، بەلام هەر خیزانە چەند جۆرێکی ناسینراون و گرنگیان پێ ئەدرێ ،و تائیستاش نزیکەی دە جۆر لەم گیا لە سەرئاستی جیهان ناسینراون و گرنگیان پێ دراوە.

 

ژەهراوی بونی ئاژەڵ بە موسەنەک:

لە ولاتانی ڕۆژئاوا موسەنەک بەگیایەکی ژەهراوی ناسراوە و هیچ ئەژماریکی وەک گیایەکی پزیشکی بۆ نەکراوە،وە لای خۆشمان لە کوردستان بەهەمان شیوە لەلایەن ئاژەڵدارانەوە بەگیایەکی ژەهراوی ناسراوە .

هیچ ئاژەڵێک ئەم گیا ناخوات ئەگەر لەوەڕی تری هەبێت،بەلام لەکاتی ناچاری و لە بێ لەوەڕی و برسێتیدا زۆر بەی ئاژەلەکان دەیخۆن و ژەهراوی دەبن وەک ( ئەسپ،گوێ دریژ، مانگا، مەڕ ،بزن ، پەلەوەر واتە مریشک و قەلو قاز)، هەروەها بەراز کە ئاژەڵێکی هەڵ بژێر نیە لەخواردندا ئەگەر بیخوات ژەهروای دەبێت و مڕدار دەبێتەوە.

گیای تازە پێگەیشتوو (شەتڵ) و بەری ئەم گیایە( دڕکە موسەنەک) زۆرترین ژەهری تیدایە لە چاو بەشەکانی تریدا و ژەهراوی ترین بەشەکانیەتی، نیشانەکانی ژەهراوی بوون لە دوای جەند کاژێرێک (2-24 ) دەرئەکەوێ لە سەر ئەو ئاژەلانەی کە ئەم بەشانەی دەخۆن ، مرادرۆ بون بەپێ بڕی ژەهرەکەیە یان بڕی ئەو گیایەی کە خواردویەتی، هەندێ جار دوای 3 ڕۆژ مڕدار دەبێتەوە ،،یان کەمتر.

نیشانەکانی ژەهروای بون لەسەر ئاژەڵ لەسەر کۆئەندامی دەمار دەرئەکەوی پاشان کاریگەری لەسەر جگەر دەبێت و لە کار دەکەوێت، ئاژەڵی توشبوو و نەخۆش نیشانەی بزیوی و پاشان کەم جولە دەبێ، و هیچی پێ ناخورێ ،ئینجا گێژ و بێ تاقەت دەبێ و هەست بە ڕشانەوە دەکات، ژانە سک و لاوازی ماسوڵکەکانی و ملی لار دەبێت بەهۆی و سەیری لا ورگی دەکات بەهۆی کاریگەری ژەهرەکەوە، لێدانی ترپەی دڵ لاواز و خیرا دەبێ،هەناسە تەنگی و دواتر مڕادر بونەوەی ئاژەلەکە لە دوای 3 رۆژ یان کەمتر . هەندێ جار ماناگی توش بوو کوێر دەبێ و زۆر هەستیار دەبێ بە کارتێکەرەکانی دەورو بەر، گوێرکەی ساوا لەماوەی 12 کاژێدا مڕدار دەبێتەوە.

ناوکی موسەنەک و دڕکەکەی مادەیەکی تیدایە بەناوی ( carboxyatractyloside ) کاربۆکسی تراکتیلۆسایدی ،ئەم مادە دەبێتە هۆی مانەوە و درەنگ سەوز بونی تۆی موسەنەکەکە ،و هەروەها ناهێڵێ تۆوی تر لە دەورو بەری سەوز ببێ، ئەگەر دڕکەکانی پیوە نەمێنێ زوتر چەکەرە دەکاتو سەوز دەبێ

ژەهری موسەنەک لە ناو گیای وشک کراودا هەر دەمێنی و ئاژەل دەکوژێ.

 

 

بەکار هێنانی گیای موسەنەک لەلایەن مرۆڤەوە:

مرۆڤ لەدێر زەمانەوە سودی وەرگرتوە لەم گیا ,خانسیوم ) ( xanthium بەواتای زەرد دێت لە زمانی یۆنانی کۆن دا، واتە گیای موسەنەک ڕەنگی زەردیان لێ دروست کردوە، سەرەتا بەرەکەی سەوزە دواتر کەپێ دەگات مەیلەو زەرد دەبێو هەندێ جار قاوەی . ڕۆنی ناوکی موسەنەک زۆر ژەهراویەو لەلایەن مرۆڤەوە بەکار نەهاتوە،

هەروەها پزیشکە چینیەکان سودیان لێ وەرگرتوە بۆ جارەسەری سوربونەوەی لوت و جیوب

لە ولاتی بەنگلادیش ساڵی 2007 لەئەنجامی لافاو و برسێتی خەڵک خواردویەتی و نزیکەی 19 کەسی کوشتوە سەدانی نەخۆش خستوە کە نیشانەکانی ڕشانەوە و گێژی و لەهۆش جون بوە ئینجا مردن.

هەروەها ئەگەر بەتاقی کردنوە بدرێ لەپێست مرۆڤ دەبێتە هۆی سور بوونەوە خوران،

لەکەندا لەلایەن هۆزی زونیەوە تۆی موسەنەکیان کوتاوە و وەک سواغ و بۆیاخ داوایەن لەخۆیان تا لەشیان بپاریزن لە درەختە درکاویەکانی تر، هەروەها کوتراوی تۆوی موسەنکیان خستۆتە سەر ئەوشوێنانەی کە پارچەی ئاسن و دارو بەرد و بریندار بوە بۆ دەرهێنانەوەی پارچەکان.

ناسینەوەی ژەهروای بون لەئاژەڵدا:

نیشانەکانی ژەهروای بوون و شوێنی لەوەراندنی ئاژەلەکان یارمەتی دەرن بۆ ناسینەوەی جۆری ژەهراوی بونەکە ،هەروەها ئەو ئەزمونانەی کە لەتا قیگەدا بەکار دەهێنرێن بۆ ناسینەوەی لەکار کەوتنی جگەر کۆمەکمان دەکات بۆ دەس نیشان کردن.

چارەسەری ژەهروای بوون لەئاژەڵدا:

بەپێ ی نیشانەکانی چارەسەر دەکری،لەلایەن پزیشکی ڤیترنەریەوە.

ئەگەر زوو پێی ی بزانین زەیت ی مەعدەنی و جۆرێک لە کاربۆن بەکار دەهێنرێ لە ڕێگای دەمەوە تا ڕێژەی هەلمژینی ژەهرکە کەم بکاتەوە بەزوترین کات خواردنەکە فڕێ بداتە دەرەوە،واتە مادەیەکی لاکسەتیڤ (laxative ) .هەروەها دەرمانی وریا کەروە و دەرمانی چارەسەری لەرزینی ماسوڵکەکان گرنگە بەکار بهێنری.

تێبینی: لەهەندێ ناوچەی تری کوردستان (موسەکە،نوسەکە) ی پێ دەلێن