(ونبوون لە غوبار) لەپۆڵەندا نیشان دەدرێ

"وەک نوێنەری کوردستان لەبەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە بەشداری دەکات"

فیلمی (ونبوون لە غوبار)ی دەرھێنەر سۆران ئیبراھیم بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵێکی سینەمایی نێونەتەوەیی لە وڵاتی پۆڵەندا بەشداری دەکات.

(سۆران ئیبراھیم) دەرھێنەری فیلمەکە، لەبارەی بەشداریکردنی فیلمەکە لەو فێستیڤاڵەدا ڕایگەیاند:" فیلمی (ونبوون لە غوبار) بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان و وەک تاکە فیلمێکی کوردی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ٩ھەمین خولی مێرولە خۆرەکانی زێرین فیلم فێستیڤاڵ بەشداری دەکات کە لەوڵاتی پۆڵەندا ئەنجام دەدرێ"

وتیشی:"فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژی ٢٠ی نۆڤەمبەری٢٠١٥ دەستپێدەکات و ھەتا ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بەردەوام دەبێ".

لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەشەوە، (سۆران ئیبراھیم)ی دەرھێنەر وتی:" چیرۆکی فیلمەکە سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفالی کوردە و لە رێگەی چیرۆکێکی ئەویندارییەوە تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەگێڕێتەوە".

فیلمی (ونبوون لە غوبار) لەلایەن تاھیر عەبدوڵا پشتگیری کراوە و بەرھەم ھاتووە. ستافی بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە بریتین لە:"سیناریۆ: ھێمن حەیدەری، یاریدەدەری دەرھێنان: نەزیر میرزای، وێنەگرتن: حەمید قەوامی، یاریدەدەری وێنەگرتن: عەلی مورادی، دیزاینی لوکێشن: سۆران ئیبراھیم، بەڕێوەبەری بەرھەم: ئەکبەر گوڵی، دەنگھەڵگر:محەمەد تۆریوەریان، فۆتۆگراف: قادر فەرەجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن: شۆڕش محەمەد، نواندن: سۆران ئیبراھیم، دیمەن زەندی، پەیام عەلەوی، مۆنتاژ: سۆران ئیبراھیم، تۆفیق ئەمانی.

پێشتریش ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی ھەولێر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی وەرگرت و ھەروەھا لە خولی ٥٢ھەمینی فێستیڤاڵی ماڵتا فیلم فێستیڤاڵ خەڵاتی سوارچاکی زێڕینی بەدەستھێنا و ھەروەھا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا لە خولی ٣٦ھەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی قاھیرە بەشداری کردووە و لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیھانی دیکەش بەشدار بووە.

لە خولی پانزەھەمینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت کە لە وڵاتی لوبنان-یش ئەنجام دەدرێ، فیلمی (ونبوون لە غوبار) لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشداری دەکات و کێبڕکێی بردنەوەی خەڵات دەکات.

ھەروەھا ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە خەڵاتی لاوی ساڵ وەک باشترین سینەماکار درایە دەرھێنەر سۆران ئیبراھیم.

ئەم فیلمە بەرھەمی وەزارەتی شەھیدانء ئەنفالکراوەکانی ھەرێمی کوردستانەء تائێستا لە ٢٧ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایدا بەشداری کردووە.

ترەیلەری فیلمەکە:

https://youtu.be/mHe٤bt٩٢gXM

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی (ونبوون لە غوبار)