دەمەو عەسرێک شیلەی شیعر لە ڕۆحتەوە دەتکێ

"وەرە ساقی حەتا کەنگێ، نەشۆیین دل ژ ڤێ ژەنگێ"

مەلای جزیری

 

دەمەوعەسرێک گوێ لە بێدەنگیی باخچە دەگریت و

بەڕکی دڵت مشت دەبێ لە نوقڵی شیعر

لەبەرخۆتەوە دەڵێی

وای چ ھێوارەیەکی کەیفخۆشە!

دەمەوعەسرێک لە بنەبانێوە تا بەر دەرگا

لە قڕێژ گسک دەدەیت

باڵکۆنەکەت لە تۆزی کرێتی دەتەکێنیت و

بست بە بستی سەربان

بە سپرای خۆشەویستی عەترڕێژ دەکەیت

دەمەوعەسرێک سەفەر دەکەی

بۆ کوێرە گوندێکی دوورەدەستی نیشتیمان

لەویادا چەند زارۆیەکی قژبژی تۆزاوی دەبینی

کە پەڕەی ڕۆحیان لە منداڵیی گەڵا دەچێ و

ئەو ساکەدەشتە ئاوڕشێن دەکەن بە گۆرانیی

"دوو ڕەشماری ڕەشکۆکە ھەریاندا لە ئاقاری

دوو کیژی چاردە ساری بە جۆت حەوشیان دەماری"

دەمەوعەسرێک تازە دەبیتەوە تازە

دەمەوعەسرێک دەگەڕیێتەوە بۆ وەرزی تەڕی منداڵی

دەمەوعەسرێک دلۆڤانتر لە شێرکۆی دلۆڤان

نابینایەکی نوورانی دەپەڕێنیتەوە

بۆ ئەوبەری جادەی دڵنیایی و

پێی دەڵێی بڕوا بفەرموو

تۆ لە من چێتر توخمی دڵ و گوڵ دەناسیت

دەمەوعەسرێک

دەچیتە بەردەم ماڵی یار

دەچیتە لای قسە خۆشەکانی ئەھلی دڵ و

پڕ بەگەروو دەڵێی: "خودا ئەم دەردی عیشقەم لێ نەکا کەم"

دەمەوعەسرێک

دەڕۆیتە نێو ھەوارگەی شیعرێکی ێافی ھیرانی و

بە شۆخییەوە دەڵێی

ئۆۆۆی نھا زانیم چ شاعیرێکی دڵتەڕە ئەو خۆشناوە!

دەمەوعەسرێک بە زمانی گۆرانی

بە لەھجەی ساقەسۆرە

بە نەغمەی پروشە

بە پیرەژنانی کۆڵان دەڵێی

ھێوارەتان گوڵ گەورەکانم...

بۆ بەساڵداچوویەک

کە ھەورییەکەی لە ڕەنگی سەفای ئەو ھێوارەیەی تۆ دەچێ

دەچەمێیتەوە و پێی دەڵێی خاڵە خاڵە ژیانت شەکر...

ئەویش بە دەنگێک کە لە ڕەنگی ئاسوودەیی دەچێ

پێت دەڵی ھی تۆ شەکرتر کەسی خاڵی!

دەمەوعەسرێک دەفتەری ڕەنگپەڕیوی

توشبوویەکی تالاسیما

دەڕەنگێنی بە ڕەسمی گوڵاڵەسوورە و

مەجلیسی کۆمەڵێ منداڵی ماندووی دووگۆڵی

پڕ دەکەی لە ھەقایەتی بەرشە و ڕیاڵ

لە ئەفسانەی میسی و ڕۆناڵدۆ

دەمەوعەسرێک شیلەی شیعر لە ڕۆحتەوە دەتکێ

دەمەوعەسرێک بۆ یەکەم جار دەچیتە کۆڕی زاھیدان

بە سەدایەکی خەمڕەوێن دەڵێی

ئۆی خەڵکی ئەم ئاواییە چەند جوانن!

خەڵکی ئەم ئاواییە تا دڵ حەزکا میھرەبانن!

خەڵکی ئەم ئاواییە تا سەر ئێسقان نوورانیین نوورانی!

دەمەوعەسرێک جارێکی دی لە دایک دەبیتەوە

چیدی بە کەناری ناڵێی خۆشگلەیی

چیدی بە تاوس ناڵیی ئەی کێ نازی من ھەڵبگرێ

چیدی کوکوختییەکە خەتخۆشەکە تۆمەتبار ناکەی بە ھاروھاج

دەمەوعەسرێک

ئیرەیی لە باخی ئەوین بژار دەکەیت و

لە قوڵایی دڵتەوە دەڵێی

تەنانەت ڕکم لە چقڵیش نابێتەوە

چون ئەو نەبووبا

لەکوێ لە ھەقایەتی نیانیی گوڵ دەگەشتین...

لە قوڵایی دڵتەوە دەڵێی

ناحەزی مەرگەوەڕیش نیم

چون بە بێ ئەو

ئێمە چۆن لە سەفەری مەم و زین حاڵی دەبووین!

لەکوێ سەربوردەی فڕینی ئەوانمان دەزانی!

 

زیاد ڕەشاد قادر

ھەولێر، ئاداری ٢٠١٤